رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرە، بە تۆمەتی سێ تاوانی جیاواز لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە دەستپێکرد.
لێکۆڵینەوەکە بەهۆی ئەو قسانەی ئۆزەلەوە بووە کە رۆژی شەممە 5ی تەمموزی 2025 دوای کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی پارتەکەی لە ئەنقەرە کردی.
ئۆزگور ئۆزەل، دوای ئەوەی سەرۆک شارەوانییەکانی ئادانا، ئەنتالیای تورکیا و سەمسووری باکووری کوردستان دەستبەسەرکران، لێدوانێکی تووندی دا و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد.
ئۆزەل گوتی، "ھەموو کەسێک شوێنی خۆی لە مێژوودا دەگرێت. لە لایەک ئەوانەی سندوقەکە دەپارێزن، لە لایەک ئەوانەی خۆیان بەدەست ترسەکانی تەیب بەگەوە دەدەن. لێرەوە جارێکی دیکە رووبەڕووی ئەردۆغان دەبمەوە. ئەی ترسنۆکی خودا، ئەگەر تۆ پارتی یەکەم بیت، بە شایی و ھەڵپەڕکێوە دەچیتە سەر سندوق."
ئۆزگور ئۆزەل هەروەها ھەڕەشەی خۆپیشاندانی کرد و گوتی، "ئەردۆغان! ئێمە رێگە نادەین تۆ بە رێژەی 29٪ی دەنگەکان لەسەر ئەو کورسییە دابنیشی".
داواکاری گشتیی ئەنقەرە، بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار"، "هاندان بۆ کردنی تاوان" و "سووکایەتی و هەڕەشەکردن لە فەرمانبەرانی دەوڵەت بەهۆی ئەرکەکانیانەوە"، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی لە سەرۆکی جەهەپە دەستپێکرد.
بەگوتەی داواکاری گشتیی ئەنقەرە، لێکۆڵینەوەکە گوایە بەهۆی کاریگەریی لێدوانەکانی سەرۆکی جەهەپە بووە لەنێو رای گشتیدا.
بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر سەرۆکی جەهەپە دۆسیەی تاوان رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا. پێش ئەم لێکۆڵینەوەیەش، بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی ئۆزگور ئۆزەل دۆسیەیەکی دیکەی تاوان ئامادەکرابوو و پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا کرابوو.
ئەو دۆسیەی تاوانە بەهۆی لێدوانەکانی سەرۆکی جەهەپە بوو، سەبارەت بە بڕیاری دادگەی باڵا دەربارەی جان ئاتالای پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی تورکیا، کە مافی پەرلەمانتاری لێوەرگیرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ