رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخستنەکان و ئەندامانی ئیی پارتی لە شارۆچکەی گێلی سەر بە ئامەدی باکووری کوردستان دەستیان لەکارکێشایەوە و پەیوەندییان بە ئاکپارتییەوە کرد.
لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا کە لە بارەگای ئاکپارتی لە ئامەد بەرێوەچوو، سەرۆک و ئەندامانی رێکخستنەکانی ئیی پارتی لە شارۆچکەی گێل پەیوەندییان بە ئاکپارتییەوە کرد.
عەلی بینگۆل، سەرۆکی رێکخستنەکانی ئیی پارتی لە شارۆچکەی گێل، لەگەڵ ئەندامانی رێکخستنەکە بە کۆمەڵ دەستیان لە ئیی پارتی کێشایەوە و چوونە ریزەکانی ئاکپارتی.
رۆژی 20-8-2025 سەرۆکی رێکخستنەکان و 7 لقی ئیی پارتی لە مێردینی باکووری کوردستان دەستیان لە پارتەکە کێشایەوە و پشتگیریی خۆیانیان بۆ پرۆسەی چارەسەری راگەیاند.
ئیی پارتی تاکە فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیایە کە بەشداری لە لیژنەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی نەکردووە، بەو هۆیەوە دەنگی ناڕەزایی لەنێو ئەو پارتەدا دروستبووە.
ئیی پارتی
- رۆژی 25ی تشرینی یەکەمی 2017 لەلایەن مەرال ئاکشەنەر راگەیێندرا و هەر خۆشی بووە سەرۆکی پارتەکە.
- لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 2018دا 9.69٪ی دەنگەکانی بردەوە و 43 کورسیی پەرلەمانی تورکیای بەدەستهێنا.
- لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 14-5-2023دا 9.6٪ی دەنگەکانی بردەوە و 43 کورسیی بەدەستهێنا.
- کێشەی نێوخۆیی و ناکۆکی لە نێو ئیی پارتی دروستبوو و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە 31ی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، ئەو پارتە تەنیا 3.7٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. لە کۆی 81 شارەوانیی پارێزگاکان تەنیا یەک شارەوانی بردەوە.
- ئەگەرچی رۆژی 27-4-2024 لە پێنجەمین کۆنگرەی نائاساییدا مساڤات دەرڤیشئۆغڵو چووە شوێنی مەرال ئاکشەنەر و بووە سەرۆکی پارتەکە، بەڵام کێشەکان بەردەوامن و بەرپرس و پەرلەمانتارانی ئیی پارتی بەردەوامن لە دەستلەکارکێشانەوە.
- لەو 43 کورسییەی هەیبوو، ئێستا 29ـی بۆ ماوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ