رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای باڵکئەسیری تورکیا دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 4.9 و 4.1 روویاندا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) بڵاوکراوەتەوە، کاژێر 12:35 خولەکی ئەمڕۆ یەکشەممە حەوتی ئەیلولی 2025 لە شارۆچکەی سندرگیی سەر بە پارێزگای باڵکئەسیر کە ماوەیەکە دەهەژێت، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.9 پلە روویدا.
ئافاد رایگەیاند، کاژێر 12:41 خولەک بوومەلەرزەیەکی دیکە لە هەمان چەق و بە گوڕی 4.1 پلە روویداوە لە گەورەشارەکانی ئیستەنبووڵ و ئیزمیر هەستیان پێ کراوە.
بەگوێرەی ئافاد، لە دوای بوومەلەرزەکانەوە هیچ دۆخێکی نەرێنی تۆمار نەکراوە و کاری رووپێوی مەیدانی بەردەوامە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، سەبارەت بەو بوومەلەرزەیەی کە لە پارێزگا دراوسێکانیش هەستی پێکراوە، هەموو تیمەکانی ئافاد و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ دەستیان بە کاری رووپێوی مەیدانی کردووە. یەرلیکایا گوتیشی: "هیوای سەلامەتی بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەخوازم کە کەوتوونەتە بەر کاریگەریی بوومەلەرزەکە. خودا وڵات و گەلەکەمان لە کارەسات بپارێزێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ