سبەی سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد دەکرێت؟

07-10-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی 8ی تشرینی یەکەمی 2025 دوا وادەیە بۆ تانەلێدانی تورکیا لە بریاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا (AİHM) لەبارەی داواکاریی بۆ ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە).  چاوەکان لەسەر تورکیان کە ئایا پابەندی بڕیارەکە دەبێت یان نا؟ ئەمەش هاوکات ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش یان مانەوەی لە زیندان دیاری دەکات.
 
سەلاحەدین دەمیرتاش، لەسەر داوای داواکاری گشتیی ئامەد، لەلایەن دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2016 بە تۆمەتی 'ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی' و 'هاندانی خەڵک بۆ تاوانکاری' دەستگیرکرا.
 
دەمیرتاش لەسەر چەندین دۆسیەی جیاواز و لە چەند پارێزگایەکی تورکیا و باکووری کوردستان دادگەیی کرا و دادگەی سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ سزای 4 ساڵ و 8 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپاند. 
 
سەلاحەدین دەمیرتاش یەکێک بوو لە 108 تۆمەتبارانی دۆسیەی کۆبانێ، کە پەیوەندی بە چالاکییەکانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014ـەوە هەیە. رۆژی 16ی ئایاری 2024 سزای 42 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
 
دۆسیەی کۆبانێ لە دادگەی تێهەڵچوونەوە
 
لەو دۆسیەیەدا دادگە رۆژی 25ی حوزەیرانی 2025، واتا دوای 13 مانگ بریاری دا. دۆسیەکە رۆژی 24ی ئەیلوولی 2025 رەوانەی فەرمانگەی سزاکانی 22ـەمی دادگەی ئەنقەرە کرا. 
 
لەو دۆسیەیەدا کە پەیوەندی بە چالاکییەکانی ساڵی 2014ــی کۆبانێ هەبوو، دەمیرتاش سزای 42 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. ئەمە لەکاتێکدایە ماوەی 9 ساڵە لە زیندانە.
 
دادگە ئەورووپییەکە لە دوایین بڕیاریدا رایگەیاند، دەستگیرکردنی دەمیرتاش لە ساڵی 2019 هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و لە بنەڕەتدا سیاسی بووە.
 
ماوەی تانەلێدانی تورکیا لە دوایین بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەبارەی دەمیرتاش، کە رۆژی 8ی تەممووزی 2025 دەرچووە، رۆژی 8ی تشرینی یەکەم کۆتایی دێت. ئەگەر هەتا 8ی تشرینی یەکەم تانە نەدرێت، بڕیارەکە کۆتایی دێت.
 
مەحسونی کارامان، پارێزەری دەمیرتاش، سەبارەت بەو پرسە رایگەیاند: "بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا پابەندکارن و گوتی: "پێویستە دادگەی تێهەڵچوونەوە دەستبەجێ کار لەسەر دۆسیەکە بکات و بەگوێرەی یاسا بەڕێز دەمیرتاش و هاوڕێکانی ئازاد بکات."
 
دوای کۆتایی هاتنی بڕیارەکە چی روودەدات؟
 
ئەگەر بڕیارەکە کۆتایی بێت، تورکیا دەبێت بڕی 3 هەزار و 245 یۆرۆ قەرەبووی ماڵی، 32 هەزار و 500 یۆرۆ قەرەبووی مەعنەوی و 20 هەزار یۆرۆش خەرجیی دادگە بە دەمیرتاش بدات.
 
پرۆسەی جێبەجێکردنی بڕیاری کۆتایی دادگەکە لەلایەن لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپاوە سەرپەرشتی دەکرێت. 
 
ئەگەر وڵاتێکی ئەندام لە مافی مرۆڤی ئەورووپا سەرپێچی لە جێبەجێکردنی بریارەکان بکات، بەگوێرەی مادەی 8ی پەیڕەوی ئەنجوومەنی ئەورووپا، هەڵدەپەسێردرێت. ئەمە لەکاتێکدایە هەتا ئێستا ئەو سزایە بەکارنەهاتووە.
 
سێ بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەبارەی دەمیرتاشەوە
 
بڕیاری 20ـی تشرینی دووەمی 2018
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاریدا تورکیا ماددەی 5، بڕگەی 3ی رێککەوتنی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپای پێشێل کردووە. راشیگەیاند، ئەوە پەیوەندیی بە مافی دادگەییکردن لە ماوەیەکی گونجاو و دادگەییکردنی بێ دەستگیرکردنەوە هەیە. هەروەها رایگەیاند، تورکیا ماددەی 18 و ماددەی 3ی پرۆتۆکۆلی ژمارە 1ی رێککەوتنی مافی مرۆڤی ئەورووپای پێشێلکردووە. 
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاشی کرد، بەڵام تورکیا پابەندی بڕیارەکە نەبوو.
 
بڕیاری 22ی کانوونی یەکەمی 2020
 
ئەو بڕیارە لەلایەن لیژنەیەکی دادوەری درا کە لە 17 دادوەر پێکهاتبوو. رایگەیێندرا کە دەمیرتاش لە 20ی ئەیلوولی 2019ـەوە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی خۆپێشاندانەکانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 دەستگیرکراوە. 
 
دادگەکە رایگەیاند، هێشتنەوەی دەمیرتاش پێشێلکردنی مافەکانییەتی. هەروەها پێشێلکردنی پابەندبوونی تورکیایە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا. 
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری دا، دەوڵەتی تورکیا دەبێت هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی دەستبەجێی دەمیرتاش.
 
راشیگەیاند، حکومەتی تورکیا ناتوانێت بیسەلمێنێت کە دەمیرتاش تاوانی کردووە و زیندانیکردنەکەشی بە بێ بنەما ناوبرد.
 
بڕیاری 8ی تەممووزی 2025
 
دوایین بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەبارەی دەمیرتاش پەیوەندیی بە رووداوەکانی ساڵی 2014ــی کۆبانێ هەیە. دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە بڕیارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە بنەماکانی بڕیاری دەستگیرکردنەکە کۆنکریتی نەبووە و هیچ پەیوەندیش لە نێوان رووداوەکانی 2014 و تۆمەتەکانی دژی دەمیرتاش نییە.
 
دادگە ئەورووپییەکە هەروەها رایگەیاند، دەستگیرکردنی دەمیرتاش مافەکانی ئازادی، سەلامەتی و مافی دادگەییکردنی لە ماوەیەکی گونجاودا پێشێل کردووە. دەستگیرکردنەکەش دەستێوەردانێکی سیاسی بووە.
 
بۆچی دەبێت تورکیا پابەندی بڕیارەکە بێت؟
 
تورکیا رۆژی 18ی ئایاری 1954 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کردووە و خستوویەتییە بڕگەی 90ـی دەستووری وڵاتەکەیەوە. 
 
بەپێی ئەو واژۆیە و دەستووری وڵاتەکەی، تورکیا دەبێت بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا وەکو خۆیان جێبەجێ بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە