باخچەلی بۆ چەکدانانی هەسەدە و یەپەگە داوای بانگەوازێکی نوێ لە ئۆجەلان دەکات

07-10-2025
هەوار ئیسماعیل
دەوڵەت باخچەلی, سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی- مەهەپە. وێنە: Reuters
دەوڵەت باخچەلی, سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی- مەهەپە. وێنە: Reuters
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی- مەهەپە، جارێکی دیکە بانگەوازێکی ئاراستەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە کرد سەبارەت بە پرۆسەی نوێی چارەسەری و داوای لێکرد بانگەوازەکەی رۆژی 27ی شوباتی بۆ 'دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراو' فراوانتر بکات.
 
دەوڵەت باخچەلی ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2025 لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکەش کرد. 
 
باخچەلی گوتی، "چاوەڕوانیم ئەمەیە: دامەزرێنەری رێبەریی پەکەکە دەبێت بانگەوازێکی راستەوخۆ بە هەمانشێوە و ناوەڕۆک ئاراستەی هەسەدە/یەپەگە بکات و داوای پابەندبوونیان بکات بەو رێککەوتننامەیەی کە لە 10ی ئادار لەگەڵ ئیدارەی شام واژۆ کراوە". 
 
باخچەلی ئاماژەی بەوەدا، گرووپێک پەرلەمانتار لە کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری دەتوانن بچنە ئیمراڵی و چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت و گوتی: "پەیامەکان دەبێت لە زاری خۆیەوە وەربگیرێن و لەگەڵ رای گشتیدا هاوبەش بکرێن. هیچ شتێک نابینم کە جێگەی دوودڵی بێت لەم بابەتەدا".
 
سەبارەت بەو مشتومڕانەی لە پرۆسەکەدا روویانداوە باخچەلی گوتی: "تورکیا لە لێواری لەدایکبوونێکی پیرۆزدایە. رەنگە ئەم لەدایکبوونە ژان و ئازاری هەبێت، رەنگە لێکتێنەگەیشتن رووبدات، رەنگە تووڕەیی دروست بێت، پەیوەندییەکان لاواز ببن و دووری بکەوێتە نێوانمانەوە. بە ئارامگرتن، خۆڕاگری و هێمنی لە چوارچێوەی خۆشەویستیی نیشتمان و گەلدا کۆببینەوە، ئەمە بەسە بۆ ئەوەی بەسەر هەموو کێشەیەکدا زاڵ بین".
 
سەرۆکی مەهەپە دەڵێ: "تورکیای بێ تیرۆر، ئامانجێکی نیشتمانی و مێژووییە. خاڵی سەرەکیی بریتییە لە دابینکردنی ئاشتیی ناوخۆیی و ژینگەیەکی ئارام و بنیاتنانی لەسەر بنەمایەکی تەندروست. سەدەی تورک و سەدەی تورکیا، سەدەی ئاشتی، ئارامی و برایەتییە. گەلەکەمان پشتگیریی هەنگاوەکانی تورکیای بێ تیرۆر دەکات. براوە گەلی تورک دەبێت".
 
سەرۆکی مەهەپە باسی کارەکانی ئەو کۆمیسیۆنەی پەرلەمانی تورکیای کرد، کە لەسەر پێشنیازی ئەو پێکهێندرا و گوتی: "14یەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆن سبەی دەکرێت. پێویستە زەمینەیەکی فراوان و واقعیی دانوستاندن بۆ رێکخستنە سیاسی و یاساییەکان دروست بکرێت. هەموو کەسێک بیرۆکە و بۆچوونێکی هەیە کە بیڵێت. دەبێت گوێ لەمانە بگیرێت و سەلامەتترین نەخشەڕێگا دیاری بکرێت. خۆشحاڵین کە دەبینین بەم شێوەیە کار دەکرێت".
 
 
دەقی گوتارەکەی دەوڵەت باخچەلی
 
ئەگەر سیاسەت بکرێت، پێویستە هەموو چەکەکان بسووتێنرێن
 
برا کوردەکانمان لە دوور و نزیکەوە هیچ پەیوەندییەکیان بە تیرۆرەوە نییە. هەر کەسێک بە هۆکاری جیاواز فریو درابێت، تێوەنەگلابێت لە تاوان و بەشداری هیچ چالاکییەکی چەکداری نەکردبێت، پێویستە بگەڕێتەوە و لەگەڵ خێزانەکەی ئاشت ببێتەوە. ئەگەر چەک هەبێت، سیاسەت نییە. ئەگەر سیاسەت بکرێت، پێویستە هەموو چەکەکان بسووتێنرێن.
 
سەرکردایەتیی دامەزرێنەری پەکەکە، بەرپرسیاریەتیی هەڵگرتووە. دوای بانگەوازی 27ی شوبات، پەکەکە لە 12ی ئایاردا چەکی دانا و هەبوونی خۆی هەڵوەشاندەوە. لە 11ی تەممووزدا، گرووپێک لە ئەندامانی پەکەکە چەکیان سووتاند. هەسەدە/یەپەگە کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ناوچەی نفوزیان دامەزراندووە، هێشتا چەکیان دانەناوە و پابەندی بانگەوازی ئیمڕاڵی نەبوون. بانگەوازەکەی ئیمڕاڵی، جگە لە پەکەکە، هەموو پێکهاتەکانی تیرۆری جوداخوازی لەخۆدەگرێت. تێگەیشتنی ئێمە بەم شێوەیەیە، لێکدانەوەمان ئەمەیە و ئاراستەکەش هەر ئەمەیە.
 
چاوەڕوانیم ئەمەیە: پێویستە سەرکردایەتیی دامەزرێنەری پەکەکە راستەوخۆ بانگەوازێکی هاوشێوە و هاوناوەڕۆک ئاراستەی هەسەدە/یەپەگە بکات و داوایان لێبکات پابەندی ئەو رێککەوتننامەیە بن کە لە 10ی ئادار لەگەڵ حکومەتی شام واژۆ کراوە. لەکاتێکدا کۆدەنگییەک دروست بووە لەسەر ئەوەی کە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەل، کە بۆ یەکەمجارە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد دەکرێت، لە چوارچێوەی سەقامگیریی دیموکراتیدا ببێتە چەقی قورسایی قۆناخی نوێ و میکانیزمی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نوێ؛ بەدەر مانەوەی رەققە، حەسەکە و سوەیدا لەمە، لەگەڵ رۆحی رێککەوتننامەی 10ی ئاداردا ناکۆکە.
 
ئەگەر پێویست بکات، دەبێت گرووپێک لەو پەرلەمانتارانەی کە لە کۆمیسیۆنی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کار دەکەن، سەردانی ئیمڕاڵی بکەن و دیداری رووبەڕوو بکەن، پەیامەکان لە سەرچاوەی یەکەمەوە وەربگیرێن و لەگەڵ رای گشتیدا هاوبەش بکرێن. هیچ شتێک نابینم کە جێگەی دوودڵی بێت لەم بابەتەدا. ئەو راگەیێندراوەی کە ئێمە پێیەوە پابەندین، راگەیێندراوەکەی 27ی شوباتی ئیمڕاڵییە. نوێکردنەوە و وردکردنەوەی زیاتری ئەم راگەیێندراوە و فراوانکردنی چوارچێوەکەی، دەبێتە هۆی پێشهاتی خێر.
 
تورکیای بێ تیرۆر، تورکیایەکی بێ دوودڵییە. تورکیای بێ تیرۆر، تورکیایەکی بەهێز و ئارامە. تورکیای بێ تیرۆر، مزگێنیی تورکیایەکی هاوچەرخ و خۆشگوزەرانە. کێشەی تیرۆر چارەسەر دەکەین، رەگی جوداخوازی دەبڕین و فڕێی دەدەین. بە چاکسازیی سیاسی، ئابووری و یاسایی، ئینشائەڵڵا بە واتای تەواو هاوئاهەنگیی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری بنیاد دەنێین. با خێزانی شەهیدەکانمان نیگەران نەبن. با بریندارەکانی جەنگ نەترسن. بە دڵنیاییەوە سەریان شۆڕ ناکەین. ئێمە لەناو هیچ دانوستانێکدا نین. بە تەواوی دژی پرۆسەی وەرگرتن و دانین. وەکو هاوپەیمانیی گەل (جمهور)، لەناو هیچ هەڵەیەکدا نابین، ناتوانین ببین و نابین کە یاسای سەروەریی تورکیا و فەلسەفەی دامەزراندن و بنیاتنانی کۆمار لاواز بکات. مەبەستمان دابینکردنی یەکێتیی نیشتمانی و برایەتیمانە، هەروەها پتەوکردن و تاجدانانی بەرەی ناوخۆمانە. بژی گەلی تورک. بژی و پایەدار بێت کۆماری تورکیا".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە