رووداو دیجیتاڵ
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) لە ئامەد، پێشبینی دەکات سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، "لە ماوەی چەند رۆژ یان تەنانەت چەند کاژێری داهاتوودا" ئازاد بکرێت. دەڵێت، ئاماژە ئەرێنییەکانی ئەم دواییەی حکومەت رێگە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا خۆش دەکات.
ئەمڕۆ هەینی، 7ی حوزەیرانی 2024، جەنگیز چاندار لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکدا لە پلاتفۆرمی یوتیوب، رایگەیاند: "ئەو تێڕوانین و هەستەی لەبارەی ئازادکردنی دەمیرتاشەوە هەمە، ئەوەیە کە ئەم ئازادکردنە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا روودەدات."
ئەم لێدوانەی چاندار دوای چەند ئاماژەیەکی ئەرێنی دێت لەلایەن هاوپەیمانیی دەسەڵاتەوە. سێشەممەی رابردوو دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەبارەی ئەگەری ئازادکردنی دەمیرتاشەوە گوتی "خێری تێدا دەبێت". هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش رایگەیاند: "ئەم وڵاتە وڵاتی دادوەرییە. دادگە لەمبارەیەوە چی بڵێت، ئێمە پابەندی دەبین."
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیاش ئاماژەی بەوە کردبوو، بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەبارەی دەمیرتاشەوە یەکلابووەتەوە و "ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان داواکاری پێشکێش بکەن، دادگە بڕیارێک دەدات."
چاندار لێدوانەکەی ئەردۆغانی بە "رێخۆشکەر" بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا ناوبرد و گوتی: "ئەگەر قسەکانی سەرۆککۆمار وەربگێڕین بۆ 'تورکیا دەوڵەتێکی یاساییە'، ئەوا ئەمە رێگەیەکە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەلایەن دادگەی 11ـی سزا قورسەکانی ئەنقەرەوە."
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی روونیکردەوە، بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بە پشتبەستن بە مادەی 18ی رێککەوتننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا دەرچووە، "بۆیە دۆخێکە کە هەموو دۆزەکە پووچەڵ دەکاتەوە. ئەوەی پێویستە بکرێت، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و مسۆگەرکردنی ئازادکردنەکەیە."
سەڵاحەدین دەمیرتاش ماوەی نزیکەی نۆ ساڵە لە چوارچێوەی "دۆزی کۆبانێ" لە زیندانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ