رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی میدیای خۆجێیی، گەنجێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە زیندانی ئامەد گیانی لەدەستداوە.
ئەو گەنجە کوردە ناوی محەممەد شەمسەدین ئیسماعیلیە و تەمەنی 25 ساڵە. لە نیسانی 2025 ـدا لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە چووەتە ئامەد و لە تێرمیناڵ لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کراوە.
ئیسماعیلی بە پاساوی تاوان لەلایەن دادگەی ئامەدەوە فەرمانی زیندانیکردنی بۆ دەرکرا و رەوانەی زیندان کراوە.
میدیای خۆجێیی دەڵێ، ئیسماعیلی لە 29ـی ئایار لە دۆخێکی گوماناویدا لە زیندان گیانی لەدەست داوە.
خێزانەکەی بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی چوونەتە ئامەد و لە چواری حوزەیرانی 2025 تەرمەکەیان وەرگرتوەتەوە.
وەک میدیای خۆجێیی دەڵێ، داواکاری گشتیی ئامەد، پاسپۆرت و ناسنامەی ئیسماعیلییان نەداوەتەوە خێزانەکەی.
بەهۆی جەژنی قوربانیشەوە دامودەزگاکانی حکومەت داخراون و خێزانەکەی دەبێت چاوەڕێی رۆژی دووشەممە بکەن.
تەرمی ئیسماعیلی تاوەکو رۆژی دووشەممە، 9ـی حوزەیران لە مردووخانەی نەخۆشخانەی شاری وان دەهێڵدرێتەوە و دوای تەواوکردنی رێکارە فەرمییەکان، تەرمەکەی رادەستی خێزانەکەی دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بیبەنەوە رۆژهەڵاتی کوردستان.
وەک میدیای خۆجێیی دەڵێ، داواکاری گشتیی ئامەد هیچ زانیارییەکی لەسەر هۆکاری گیانلەدەستدانی ئیسماعیلی نەداوە بە خێزانەکەی و پێی راگەیاندوون "کوڕەکەتان تۆمەتبار بووە و تەرمەکەی ببەن".
خێزانی ئیسماعیلی دەڵێن، کوڕەکەیان کەسێک نییە خۆی بکوژێت و داوا دەکەن هۆکاری مردنەکەی ئاشکرا بکرێت.
محەممەد شەمسەدین ئیسماعیلی خەڵکی گوندی هەندەوانی سەر بە شارۆچکەی کۆتۆلی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە و بۆ کارکردن چووبووە ئامەد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ