رووداو دیجیتاڵ
بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بودجەی تەواوکار ئاراستەی پەرلەمانی تورکیا کرا.
بۆ زیادکردنی مووچەی مووچەخۆران و خانەنشینانی تورکیا و پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی گشتی، پڕۆژەیاسای بودجەی تەواوکار، شەوی رابردوو 7ی تەممووزی 2023، بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئاراستەی پەرلەمان کرا.
پڕۆژەیاسای بودجەی تەواوکار لە یەک تریلیۆن و 119 ملیار و 514 ملیۆن و 513 هەزار لیرە (42 ملیار و 958 ملیۆن و 784 هەزار دۆلار) پێکدێت. لەو گوژمەیە بڕی 482 ملیار و 200 ملیۆن لیرە (18 ملیار و 503 ملیۆن و 312 هەزار دۆلار) بۆ دەزگای ئافاد، 280 ملیار لیرە (10 ملیار و 744 ملیۆن و 353 هەزار دۆلار) بۆ وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا دابینکراوە.
هاوکات بە پێدانی بەشێک لە پشکەکانی دەزگای ئافاد و وەزارەتی گەنجینە و دارایی، کۆی گشتی 527 ملیار و 290 ملیۆن و 833 هەزار لیرە (20 ملیار و 233 ملیۆن و 568 هەزار دۆلار) بۆ تێچووی خەرجیی زیانەکانی بوومەلەرزەکان تەرخان دەکرێت.
دوێنێ هەینی، 7ی تەممووز، لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمانی تورکیا لەسەر داوای حکومەتی ئەو وڵاتە، زیادکردنی مووچەی خانەنشینی بە رێژەی 25٪ی پەسندکرد.
رۆژی 16ی کانوونی یەکەمی 2022، بودجەی گشتیی ساڵی دارایی 2023ی تورکیا بە 325 دەنگی بەڵێ و 201 دەنگی نەخێر، لە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا. بودجەی گشتیی 2023ی تورکیا چوار ترلیۆن و 470 ملیار لیرەی تورکی (239 ملیار و 815 ملیار دۆلار)ـە.
رۆژی 5ی تەممووزی 2023، کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە و پڕۆژەیاسای زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی تاوتوێکرد و پڕۆژەیاسای بودجەی تەواوکاری ئامادەکرد بۆ ئەوەی پێشکێشی پەرلەمان بکرێت.
بەهۆی بێبەهابوونی بەردەوامی لیرەی تورکی بەرامبەر دراوە بیانییەکان، مانگی کانوونی یەکەمی 2022 کەمترین مووچەی فەرمانبەران بە رێژەی 136٪ زیادکرا و گەیێندرایە 12 هەزار لیرە. بە هەژمارکردنی هەڵاوسانی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ کە رێژەکەی 46.62٪ـە و بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی نوێی وەزارەتی گەنجینە و دارایی بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ سیاسەتی نەختینەی بانکی ناوەندی و دۆخی بودجە، ئەو مووچانەی زیادکران لە ئاستی ژێر پێویستی بژێویی مووچەخۆران مایەوە و بۆیە پێشنیازکراوە کەمترین مووچە بگەیێندرێتە 22 هەزار و 500 لیرە و کەمترین مووچەی خانەنشینی لە 7500 لیرەوە بۆ 11 هەزار و 500 لیرە زیاد بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ