باخچەلی دەڵێت، گرێدانی مردنی سەربازانی تورکیا بە پرۆسەی چارەسەرییەوە گێرەشێوێنییە

08-07-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجتیتاڵ

سەرۆکی مەهەپە بەکارهێنانی هەواڵی مردنی سەربازانی تورکیا دژی پرۆسەی چارەسەری بە تێکدەری ناودەبات.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا کە رۆژی سێشەممە 8-7-2025 بەرێوەچوو، رەخنەی لەو لایەنانە گرت کە مردنی سەربازانی سوپای تورکیا لە ئەشکەوتێکی هەرێمی کوردستان بەهۆی گازی میسان، وەک خاڵێکی نەرێنی دژی پرۆسەی چارەسەری بەکاردەهێنن.
 
بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا رەخنە لە حکومەت دەگرن بەوەی هەوڵی سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری دەدات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پەکەکە، بەڵام هەر لەم کاتەدا تەرمی سەربازی وڵاتەکەی دەگەڕێندرێنەوە وڵات. 
 
باخچەلی لەمبارەیەوە گوتی، "لەکاتێکدا پێشهاتی گرنگ لە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر هەیە، بەکارهێنانی ئەم رووداوە نەخوازراوە لەلایەن هەندێک لایەنەوە، بە دەرفەتخوازییەکی فێڵبازانە دەبینم".
 
سەرۆکی مەهەپە سەرنجی خستە سەر بوونی هەوڵێک بۆ لەباربردنی پرۆسەکە و گوتی، تورکیا لە نێوەڕاستی پرۆسەیەکی مێژووییدایە و گوتی، "لەکاتێکدا بە هەنگاوی خێراوە بەرەو مەنزڵی ئارامی و ئاشتی دەڕۆین، هەڵبەتە ئەوانە پشتگوێ ناخەین کە دەیانەوێت بابەتی تێکدەری و قسەوقسەڵۆک لە رۆژەڤدا بهێڵنەوە".
 
هۆکاری مردنی سەربازانی تورکیا 
 
سەربازێکی سوپای تورکیا بەناوی نووری مەلیح بۆزکوڕ، رۆژی 28-5-2022 بەهۆی دەستڕێژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کوژرابوو.
 
ئێستا کە بەهۆی پرۆسەی چارەسەرییەوە دۆخەکە ئارامە، 19 سەربازی سوپای تورکیا بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو سەربازە رۆژی 6-7-2025 چوونە ئەو ئەشکەوتە کە گوایە تەرمی ئەو سەربازەی لێیە.
 
ئەو سەربازانە بەهۆی گازی میسانەوە کاریگەر بوون و لە ئەنجامدا 12یان مردن.
 
هەموو ئەو پێشهاتانە لەکاتێکدان کە پەکەکە لە سەروبەندی چەکدانانە و دیالۆگی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، لە کەشێکی ئەرێنیدا بەردەوامە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو