سێ رۆژ چالاکی و خۆپێشاندان لە ئیستەنبووڵ قەدەخەکرا

08-09-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

باڵی گەنجانی جەهەپە پلانی خۆپێشاندانی هەیە و پارێزگای ئیستەنبووڵیش قەدەخەی چالاکی و خۆپێشاندانی بۆ 6 ناوچەی شارەکە راگەیاند.
 
لە کاتێکدا مشتومڕەکانی تایبەت بە دەستبەسەرداگرتنی لقی ئیستەنبووڵی جەهەپە بەردەوامە و بڕیارە ئەمڕۆ، سەرۆکی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی جەهەپە کە بە قەییووم دانراوە، دەستبەکاربێت و پلان بۆ خۆپێشاندان هەیە، پارێزگا لە 6 ناوچەدا هەموو جۆرە کۆبوونەوە و چالاکییەکی قەدەخەکرد. 
 
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات کە باڵی گەنجانی جەهەپە بانگەوازی گردبوونەوەی کرد.
 
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگای ئیستەنبووڵدا هاتووە، لە ناوچەکانی بێشیکتاش، بێیئۆغڵو، ئەیوب سوڵتان، کاهتهانە، ساریەر و شیشلی، هەموو جۆرە چالاکییەکی وەکو خۆپێشاندان، کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی، رێپێوان، کەمپەین، کۆکردنەوەی واژۆ، یادکردنەوە و دابەشکردنی نووسراو لە کاژێر 08:00ی ئێوارەی رۆژی 7ی ئەیلوول تاوەکو کاژێر 11:59ـی شەوی 10ـی ئەیلوول قەدەخە کراوە.
 
پارێزگار داود گوڵ لەبارەی بڕیارەکە رایگەیاند: "بە بڕیارێکی کاتی دادگەی 45ـەمینی ئیستەنبووڵ بە ژمارە 02/09/2025، سەرۆک، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردن و ئەندامانی دەستەی لقی ئیستەنبووڵی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بەشێوەیەکی کاتی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە؛ بڕیاردرا لەڕێی دەستەیەکی کاتیەوە شوێنەکانیان پڕ بکرێتەوە".
 
لەبارەی چالاکی و ناڕەزاییەکانی باڵی گەنجانی جەهەپە پارێزگاری ئیستەنبووڵ رایگەیاند:"بانگهێشتکردنی هاووڵاتییان بۆ گردبوونەوە و خۆپێشاندانی نایاسایی، بەگوێرەی یاسا تاوانە. روونە کە ئەم جۆرە هەوڵانە زیان بە ئارامیی کۆمەڵایەتی دەگەیێنن".
 
پارێزگاری ئیستەنبووڵ هەروەها دەڵێت، ئەو قەدەخەیەی راگەیێندراوە لەپێناوی پاراستنی یەکێتی و تەباییە لە ئیستەنبووڵ و هەموو رێوشوێنێکی پێویست گیراوەتەبەر.
 
چی روویدا؟
 
لە کاتێکدا بڕیار بوو جەهەپە کۆنگرەیەکی تایبەت بە رێکخستنەکانی خۆی لە ئیستەنبووڵ سازبدات، رۆژی 2-9-2025 دادگەی 45ی ئەسڵییەی ئیستەنبووڵ بڕیاری دا کە ئەو کۆنگرەیە هەڵوەشاوەتەوە؛ هاوکات ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی رێکخستنەکانی جەهەپە لە ئیستەنبووڵ و هاوکارانی لەکارلادران و دەستەیەک وەک قەییوم لە شوێنیان دەستبەکار بوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە