رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان وێنەی خۆی و بەرپرسانی دەم پارتی و پارتەکانی دیکە لە رۆژی دەستپێکردنی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی تورکیادا بە 'تورکیای راستەقینە' ناودەبات.
سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتی گەڕانەوەی لە ئازەربایجانەوە بۆ تورکیا، لەنێو فڕۆکەدا وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە.
یەکێک لەو بابەتانەی وەک پرسیار ئاراستەی ئەردۆغان کرا، دەرکەوتنی بوو لەگەڵ بەرپرسانی دەم پارتی و پارتەکانی دیکە کە لە رۆژی کردنەوەی چوارەمین وەرزی یاسادانانی پەرلەمان دا گیراوە.
بەشێک لە هاووڵاتییانی تورکیا رەخنەیان لەو وێنەیە گرت. ئەردۆغان لەمبارەیەوە گوتی: "لەبارەی ئەو وێنەیەی لە رێوڕەسمەکەی پەرلەمان گیرا، ئەوە وێنەی راستەقینەی تورکیایە".
دەرکەوتنی بەرپرسانی دەم پارتیش بە جیا لەگەڵ ئەردۆغان، کاردانەوەی لێکەوتەوە، لەوانەش لە لایەن بەشێک لە هاونیشتمانییانی باکووری کوردستانەوە.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، رۆژی 6-10-2025 قسەی بۆ میدیای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد و گوتی: "لەنێو هەزاران وێنەدا یەک وێنە دەردەهێنن کە ئامادەبووان تێیدا زەردەخەنەیان کردووە. ئینجا لەسەر ئەو بنەمایە رەخنە لە پارتێکی سیاسیی تورکیا دەگرن؛ پارتێک کە یەکێکە لە پارتە هەرە چالاکەکان و سەرەڕای 12 جار داخستنی، خۆی رادەست نەکردووە و بەردەوامە لە بەرخۆدان و خۆڕاگری. ئەم شێوازە رەخنەگرتنە، نەوەک تەنیا بۆ ئێمە، بەڵکو بە گشتی لەڕووی دیموکراسییەوە مایەی خەم و نیگەرانییە."
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتیشی: "ئەوانەی ئەم کارە دەکەن نیازپاکییان نییە. نیازی ئەوانەی ئەم کارە دەکەن ئەوەیە کە کۆمەڵگەی کوردی لە زەوینەی ئۆپۆزیسیۆنبوون دووربخەنەوە و بیگەیەننە خاڵێک کە کاردانەوەی هەبێت."
1-10-2025 پەرلەمانی تورکیا لە رێوڕەسمێکدا دەستی بە چوارەمین گەڕی یاسادانان لە 28مین خولی پەرلەمانیدا کرد.
بەیانییەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتاری پێشکێشکرد و ئێوارەکەش لەگەڵ بەرپرسانی پارتەکانی دیکە کۆبووەوە.
یەکێک لەو وێنانەی زۆر قسەی لەسەر کرا، وێنەی بەرپرسانی دەم پارتی بوو لەگەڵ ئەردۆغان، کە هەردوو روو بە خەندە دەرکەوتوون.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئاکپارتی و مەهەپە لەلایەک و دەم پارتیش لە لایەک وەکو لایەنەکانی بەڕێوەبەری پرۆسەی چارەسەری سەیر دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ