رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەستووری وڵاتەکەی بە ماوەبەسەرچوو ناوبرد و ئامادەیی پارتەکەی بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ دووپاتکردەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پەرلەمانتار و بەرپرسانی پارتەکەیدا باسی لەم دەستوورەی ئێستای وڵاتەکەی کرد و گوتی، دەمێکە بەسەرچووە.
ئەردۆغان وەبیریهێنایەوە کە ئەو دەستوورە دوو ساڵ دوای کودەتاکەی ساڵی 1980 نووسراوەتەوە و گوتی: "دەستووری 1982 دەمێکە بەسەرچووە. بەم دەستوورەی ئێستامانەوە ناگەینە مەنزڵی 100 ساڵەی تورکیا. چەند زووتر ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین، خزمەتی هێندە گەورە بە وڵاتەکەمان و دیموکراسیمان دەکەین".
سەرۆککۆماری تورکیا متمانەی خۆی بەم خولەی ئێستای پەرلەمانی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە و گوتی: "لەمڕووەوە هیوای زۆرمان بە خولی 28ی پەرلەمان هەیە. ئێمە وەکو ئاکپارتی و هاوپەیمانیی جمهوور، لەم بابەتەدا هەڵوێستی بنیاتنەرانەمان هەیە. بەردەوامیش جەخت لەسەر گیانی سازان دەکەینەوە".
بۆچی دەگوترێت دەستووری تورکیا بەرهەمی کودەتایە؟
هەرچەندە دەستووری ئێستای تورکیا کە ساڵی 1982 نووسراوەتەوە، 12 جار گۆڕانکاریی بەرفراوانی تێدا کراوە، بەڵام بەرپرسانی ئاکپارتی دەڵێن، ئەوە دەستوورێکە بە روحی کودەتاکەی 1980 نووسراوەتەوە و هەر بۆیە پێویستە بگۆڕدرێت.
دوای کودەتاکەی کەنعان ئێڤرەن، لە رۆژی 12ی ئەیلوولی 1980 حکومەتی ئەوکات ناچالاک کرا و رژێمێکی سەربازیی بەڕێوەبردن راگەیێنرا. رژێمی سەربازی بە سەرکردایەتیی کەنعان ئێڤرەن دەستوورێکیان نووسییەوە. رۆژی 7-1-1982 خەڵک بۆ پەسندکردن یان رەتکردەوە چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان. لە کۆی 18 ملیۆن و 885 هەزار و 488 کەس کە دەنگیاندا، 17 ملیۆن و 215 هەزار و 559 کەس بە "بەڵێ" دەنگیان بە دەستوورەکەی کەنعان ئێڤرەن دا. ئەو دەستوورەی ئێستا لە تورکیا بە بەرهەمی کودەتا وەسفدەکرێت، ئەوکات رەزامەندیی 91.3٪ی تورکیای بەدەستهێنا و خرایە واری جێبەجێکردنەوە.
مادەی 66 تایبەتە بە نەتەوە لە کۆماری تورکیا و جگە لە نەتەوەی تورک، تەواوی نەتەوەکانی دیکە رەتکراونەتەوە. لەو مادەیەدا هاتووە: "هەموو ئەوانەی لەڕێی وڵاتینامە وابەستەی کۆماری تورکیان، تورکن".
هەموارکردنی چوار مادەی دەستوور هێڵی سوورن:
مادەی یەکەم: پێکهاتەی دەوڵەتی تورکیا کۆمارییە.
مادەی دووەم: کۆماری تورکیا لەسەر بنەما سەرەکییەکانی ئارامی کۆمەڵگە، هاودەنگی و کۆکبوونی نیشتمانی، هەستکردن بە دادپەروەری، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، دڵسۆزی و وابەستەیی بۆ بنەماکانی نیشتمانپەروەریی ئەتاتورک، دەوڵەتێکی دیموکراسی، سیکۆلار، سۆسیاڵ و یاساسالارە.
مادەی سێیەم: دەوڵەتی تورکیا بە خاک و میللـەتییەوە یەکپارچەیی نەبڕاوەیە، زمانەکەی تورکییە، ئاڵاکەی وەک لە ستایلەکەیدا هاتووە مانگ و ئەستێرەی سپییە باگراوندەکەی رەنگی سوورە. سروودی نیشتمانی "سروودی سەربەخۆییە" و پایتەخی ئەنقەرەیە.
مادەی چوارەم: مادەی یەکەم و دووەم و سێیەم بەهیچ شێوەیەک هەموار و دەستکاری ناکرێن و تەنانەت پێشنیازی هەموار و دەستکاریکردنیشی ناکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ