تورکیا
ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لەکاتێکدا بە شێوەیەکی سیمبولی چەک دادەنێن. وێنەکە ئەرشیڤە و بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە
رووداو دیجیتاڵ
تورکیا خەریکی ئامادەکردنی پرۆژەیاسایەکە بۆ رێگەدان بە گەڕانەوەی هەزاران گەریلا و هاووڵاتیی سڤیلی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بۆ نێو تورکیا.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کە لە رێگەی بەرپرسێکی باڵا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەرچاوەیەک لە یەکێک لە پارتە کوردییەکانی تورکیا، بڵاویکردووەتەوە، ئێستا بەرپرسانی تورکیا خەریکی ئامادەکردنی پرۆژەیاسایەکن بۆ پاراستنی ئەو گەریلایانەی پەکەکە کە چەکدادەنێن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ تورکیا، بەڵام یاساکە ناگاتە ئاستی دەرکردنی لێبووردنی گشتی بۆ سەرجەم ئەندامان و بەرپرس و گەریلاکانی پەکەکە.
پلانەکە ئەو خاڵەش لەخۆدەگرێت کە هەندێک لە سەرکردە سەربازییەکانی پەکەکە، دەکرێت رەوانەی وڵاتی سێیەم بکرێن.
گەڕاندنەوەی گەریلاکانی پەکەکە و خێزانەکانیان لە بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە قەندیلەوە، بە یەکێک لە دوا بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دادەنرێت، کە ساڵێک لەمەوبەر دەستیپێکرد، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی چەندین ساڵەی نێوان تورکیا و پەکەکە.
هەروەها لەنێو پرۆژەیاساکەی تورکیادا، پێشنیاز کراوە گەڕاندنەوەی گەریلاکان بە چەند قۆناخێک بێت، لەگەڵ رەوانەکردنی فەرماندە باڵاکانی پەکەکە بۆ وڵاتی سێیەم، بەرپرسانی تورکیاش هیوادارن تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە، پرۆژەیاساکە رەوانەی پەرلەمانی تورکیا بکرێت.
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە باڵایەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەو پێشنیازەی ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بریتییە لە گەڕاندنەوەی نزیکەی هەزار کەسی سڤیل وەکو هەنگاوی یەکەم و سەرەتا. دواتریش گەڕاندنەوەی نزیکەی 8000 چەکدار، لەدوای پرۆسەی پشکنینی ناسنامە و تۆماری ئەو چەکدارانە.
جگە لەوەش، ئەو بەرپرسە رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا تورکیا نزیکەی 1000 بەرپرس و فەرماندەی پلە باڵا و مامناوەندی پەکەکەی رەتکردووەتەوە وەریانبگرێتەوە، پێشنیازی کردووە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتی سێیەم، لەنێویشیاندا وڵاتانی ئەورووپا.
ئەو بەرپرسە گوتیشی، گفتوگۆکان لەسەر ئەو بابەتە بەردەوامن و هەندێک لایەنی بەشدار لە دانوستاندنەکان نیگەرانن لەوەی بە دوورخستنەوەی بەرپرسانی باڵای پەکەکە بۆ وڵاتی سێیەم، رەنگە لە داهاتوودا جارێکی دیکە یاخیبوون دەستپێبکاتەوە.
تاوەکو ئێستا نە حکومەتی تورکیا و نە پەکەکە، ئەو راپۆرتەی ئاژانسی رۆیتەرزیان پشتڕاست نەکردووەتەوە و هیچ لێدوانێکیان لەوبارەیەوە نەداوە.
لە مانگی ئاداری ئەم ساڵ، پەکەکە بڕیاری چەکدانانی دا و هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند، دوای ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە داوای کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی کرد.
لە مانگی تەمموووزی رابردووش، ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە هەنگاوێکی سیمبولیدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە پارێزگای سلێمانی، چەکەکانی خۆیان سووتاند.
مانگی رابردوو، سەرکردایەتیی پەکەکە لە هەنگاوێکی دیکەدا رایگەیاند، سەرجەم چەکدارەکانیان لە تورکیا کشاندەوە، ئەمەش وەکو هەنگاوێکی دیکە لە پرۆسەی چەکدانان. لە هەمان کاتیشدا داوای لە ئەنقەرە کرد، هەنگاو بنێت بۆئەوەی ئەندامەکانی بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا بکەن.
هەفتەی رابردوو نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و سەرۆکی کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتەوایی رایگەیاند، هەر هەنگاوێکی یاسایی تەنیا دوای ئەوە دێت کە تورکیا دڵنیا بێت لەوەی پەکەکە پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی تەواو کردووە.
ئەو بەرپرسە باڵایەی تورکیا گوتیشی، "کاتێک دەزگا ئەمنی و هەواڵگریەکانی تورکیا پشتڕاستیان کردەوە و دڵنیاییان دا، بەوەی پەکەکە بەڕاستی چەکەکانی داناوە و پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوەی تەواو کردووە، ئەوکات وڵاتەکە دەچێتە قۆناخێکی نوێوە بە ئامانجی بونیاتنانی تورکیایەکی دوور لە تیرۆر."
تەیپ تەمەل، جێگری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لەبارەی دوایین هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی رایگەیاند، "کار لەسەر یاسایەکی تایبەت دەکرێت بۆ دووبارە تێکەڵبوونەوەیەکی دیموکراسییانەی ئەندامانی پەکەکە بۆ نێو کومەڵگە. یاساکە هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە پەکەکەدا بوون، چ سڤیل یان چەکدار بووبن. هیچ پلانێکیش بۆ گەڕانەوەی قۆناخ بە قۆناخ نییە. ئەو هاوکێشەیەی کاری لەسەر دەکرێت گشتگیرە و لەسەر هەمووان جێبەجێ دەکرێت."
ئەو بەرپرسەی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە، تورکیا بیرۆکەی ناردنی چەند بەرپرسێکی پەکەکەی بۆ وڵاتانی سێیەم خستووەتەگەڕ، بەڵام گوتیشی، "دەبێت ئەوەیان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی وەریاندەگرن، گفتوگۆی لەسەر بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ