رووداو دیجیتاڵ
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە پەیامێکی ئاراستەی ئەردۆغان، باخچەلی و ئۆجەلان کرد و داوایان لێ دەکات دەستبەرداری هەنگاوی کۆنکریتی نەبن.
لە پەیامێکیدا کە ئەمڕۆ شەممە 8-11-2025 بڵاویکردەوە، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) باسی پرۆسەی چارەسەریی کرد.
دەمیرتاش پەیامێکی ئاراستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد و گوتی: "تکایە دەستبەرداری هەنگاوە کۆنکرێتییەکان مەبن، سەیری ئەوە مەکەن فڵان و فیسار چی دەڵێن، متمانەتان بە خۆتان هەبێت و بڕوا بکەن 86 ملیۆن کەس بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئاشتی دەکەن."
دەمیرتاش بۆ پەرلەمانتاران: بڕۆن بۆ دوورگەی ئیمراڵی کۆتایی بەم بابەتە بهێنن
دەمیرتاش پەیامێکیشی ئاراستەی پەرلەمانتارانی ئەندام لە کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کرد و گوتی: "ساڵانێکە گەنجەکانمان رەوانەی چیاکان و ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور دەکەن. ئێستا کە دەرفەتی ئەوە هاتووەتە پێش، ریشەی ئەم شەڕە وشک بکەن، تکایە ئێوەش تۆزێک ریسک بکەن و بڕۆنە دوورگەی ئیمراڵی و کۆتایی بەم بابەتە بهێنن. سەرەڕای ئەوەش ئەو ریسکەی ئێوە دەیکەن وەک گەنجەکانمان ریسکی مردن نییە، کەمێک ریسکی سیاسییە."
دەمیرتاش لەڕێی بەسەرهاتێکەوە پەیامەکەی دەگەیەنێت
"پیاوێک دەچێتە لای دکتۆر و باس لە نەخۆشییەکانی دەکات. دکتۆرەکە لێی دەپرسێت، ئایا حەبێکی بەردەوام هەیە کە بەکاری بهێنێت. پیاوەکە ناوی حەبێک دەهێنێت و دەڵێت: 'ئەوە بەکاردێنم'. دکتۆرەکەش دەپرسێت: 'دەزانیت ئەو دەرمانەی بەکاریدەهێنیت ئالوودەیی دروست دەکات، وانییە؟'. پیاوەکە بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە: 'باشە دکتۆر، نزیکەی 15 ساڵە من هەموو رۆژێک ئەو دەرمانە بەکاردێنم و هەرگیز نەمبینیوە ئالوودەیی دروست بکات'."
سەڵاحەدین دەمیرتاش بە پێویستی دەزانێت گۆڕانکاری دروست بکرێت و هەمان هەنگاوی چەند جاری رابردوو نەنێن و چاوەڕێی ئەنجامی جیاواز بکەن.
دەمیرتاش هەروەها دەڵێ: "من وەکو برایەکتان و وەکو سیاسەتڤانێک کە هەوڵی زۆری بۆ ئاشتی داوە، بە هەموو لایەنەکان و ئاکتۆرە سەرەکییەکانی پرۆسەکە؛ سەرۆککۆمار ئەردۆغان، سەرۆکی مەهەپە باخچەلی و رێبەری دامەزرێنەری پەکەکە، ئۆجەلان رادەگەیەنم؛ تکایە واز لە هەنگاوی کۆنکریتی مەهێنن. گوێ مەدەنە ئەوەی کە ئەم و ئەو چی دەڵێن، باوەڕتان بە خۆتان هەبێت. باوەڕتان بە 86 ملیۆن کەسیش هەبێت کە تامەزرۆی ئاشتین".
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: ئەوانەی بە کوردی ناڕەحەت دەبن، بە زمانە بیانییەکان ناڕەحەت نابن
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی هەینی 7-11-2025 لە ئیستەنبووڵ، لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەڤان کۆبووەوە و وەڵامی پرسیارەکانی دانەوە.
نوعمان کورتوڵموش، ئاماژەی بەوەدا کە کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، ئەرکێکی گرنگ و مێژوویی لەسەر شانە و گوتی:"هەتا ئێستا، 16 کۆبوونەوەی سازکردووە".
لەبارەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی کۆمیسیۆن بۆ ئیمراڵی، کورتوڵموش گوتی: "ئیمراڵی گرتووخانەیە و پێشتر پەرلەمانتارانی دەم پارتی زۆر جار سەردانی ئەوێیان کردووە. ئێمە باسی شوێنێک ناکەین، کە سەردانی نەکرابێت و بۆچوونی لێ وەرنەگیرابێت. ئەگەر کۆمیسیۆن بریار لەسەر دیدارێکی وەها بدات، شتێکی نوێ نابێت و درێژەدانە بە هەنگاوەکان".
کورتوڵموش: حەرامە زمانی دایک بکرێتە بیانوو بۆ جوداخوازی
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەروەها باسی ئەوکاتەی کرد، کە سەردانی زانکۆی دیجلەی ئامەدی باکووری کوردستانی کرد و هۆنراوەیەکی خوێندەوە.
لەبارەی کاردانەوەکانی سەر ئەو هۆنراوەیە کورتوڵموش گوتی: "ئەورۆژە تەواوی گوتارەکەم لەسەر برایەتی بوو و هۆنراوەیەکی کوردیشم خوێندەوە، کە هاوڕێیان لە ماڵپەڕی پەرلەمان بڵاویان کردەوە. چەند لایەنێک کاردانەوەیان نیشاندا. باشە براکەم! سەیرم کرد لە ماڵپەڕی سەرۆکی پەرلەمان بە زمانەکانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی، نەرویجی، عەرەبی، رووسی و فارسی شت بڵاوکراوەتەوە. بۆ نموونە کەسێک سەردانی کردووە و بە زمانی رووسی یان عەرەبی نووسینیکی جێهێشتووە. ئێستا ئەوانەی بەم زمانانە ناڕەحەت نابن، بە زمانی دایکی دراوسێ و هاوبەشەکانیان ناڕەحەت دەبن. ئێمە دەبێت ئەم تێگەیشتنە بخەینە لاوە. ساڵانێکە من دەڵێم، زمانی دایک هێندەی شیری دایک حەڵاڵە، بەڵام ئەوەش حەرامە کە زمانی دایک بکرێتە بیانوو و جوداخوازی بکرێت. لە تورکیادا زمانی فەرمی تورکییە".
کورتوڵموش رایگەیاند، لە قۆناخی داهاتوودا دەبێت زۆر وریاتر بن و گوتی: "لەم پڕۆسەیەدا، کۆدەنگییەکی گەورە لە سیاسەتدا هەیە. هەندێک لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی کە ئامادەن هەموو جۆرە هەوڵێک بخەنە گەڕ پیلانگێڕی بۆ ژەهراویکردنی ئەم پڕۆسەیە. دەمەوێت بڵێم دەبێت لە دژی ئەوانە وریابین."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا لێبووردن لە بەرنامەدا هەیە بۆ ئەو هەنگاوە یاسایی و دەستوورییانەی کە دوای کارەکانی کۆمیسیۆنی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی و ئامانجی "تورکیای بێ تیرۆر" دەگیرێنەبەر، کورتولموش گوتی:
"بەناوی کۆمیسیۆنەکەوە هیچ شتێک ناڵێم، لە سەرەتاوە زۆر وریای ئەوە بووم. واتە رەنگە بیرۆکەی تایبەتی خۆمم هەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا ئەگەر کۆمیسیۆنەکە، بەتایبەتی لە بابەتێکی لەم جۆرەدا بە زۆرینەی سێ لەسەر پێنج، بە ئاراستەیەکدا بڕوات، ئەوە بۆ ئێمە جێی رێزە."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەروەها گوتی، "دۆخەکە لێرەدا بەم شێوەیەیە. لەناو رێکخستنە یاساییە هەنووکەییەکاندا، روونە کە چۆن هەر ئەندامێکی رێکخراوێک دەتوانێت لە چوارچێوەی هەستکردن بە پەشیمانیدا سوودمەند بێت، بەڵام ئێمە رووبەڕووی دۆخێکی نوێ دەبینەوە. رێکخراوێک دەڵێت من خۆم هەڵدەوەشێنمەوە. ئایا بەڕاستی خۆی هەڵوەشاندووەتەوە یان نا، بۆیە پێویستە ئەمە لەلایەن یەکە ئەمنییەکانی دەوڵەتەوە دەستنیشان و تۆمار بکرێت و ئەم بڕیارە بدرێت. لەو چوارچێوەیەدا، رەنگە دۆخێکی نوێ دروست بێت، واتە رەنگە چوارچێوەیەک هەبێت بۆ رێکخراوێکی هەڵوەشاوە، رەنگە رێکخستنە یاساییەکان چەندین بابەتی جیاواز لەخۆ بگرێت. بەڵام لەبارەی ئەوەی چی دەبێت و چۆن دەبێت، تەنیا دەتوانم بیرۆکەی تایبەتی خۆم بڵێم، هەرگیز نامەوێت کۆمیسیۆنەکە ئاراستە بکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ