کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکیا گەشتەکانیان بۆ ئێران هەڵوەشاندەوە

09-01-2026
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئاڵۆزی و خۆپێشاندانەکانی ئێرانەوە، هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیا زنجیرەیەک گەشتیان بۆ شارەکانی تاران، تەورێز و مەشهەد هەڵوەشاندەوە، هۆکارەکەشیان بۆ "پێشهاتە هەرێمییەکان" گەڕاندووەتەوە.
 
ئەمڕۆ هەینى 9ى کانوونى دووەم، هێڵی ئاسمانیی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، گەشتەکانیان بۆ شارەکانی تاران، تەورێز و مەشهەد بۆ ئەمڕۆ و سبەی (شەممە) هەڵوەشاندووەتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی هێڵی ئاسمانیی تورکیادا هاتووە، "گەشتیارە بەڕێزەکانمان، بەهۆی پێشهاتە هەرێمییەکانی ئێرانەوە، 17 گەشتمان کە بڕیار بوو رۆژانی هەینی 9ی کانوونی دووەم و شەممە 10ی کانوونی دووەم بۆ شارەکانی تاران، تەورێز و مەشهەد بکرێن، هەڵوەشێندراونەتەوە."
 
هاوکات کۆمپانیای ئاجێت (AJet)ـیش رایگەیاندووە، 6 گەشتیان بۆ تاران هەڵوەشاندووەتەوە و دەڵێت، "بەهۆی پێشهاتە هەرێمییەکانی ئێرانەوە 6 گەشتمان کە بڕیار بوو رۆژانی هەینی 9ی کانوونی دووەم و شەممە 10ی کانوونی دووەم بۆ تاران بکرێن، هەڵوەشێندراونەتەوە." کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە، گەشتیاران لەبارەی دوایین زانیاریی گەشتەکانەوە ئاگادار دەکرێنەوە.
 
هەرچەندە هێشتا کۆمپانیای پێگاسۆس (Pegasus) هیچ راگەیێندراوێکی فەرمیی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام لە سیستمی گەڕانی گەشتەکانی ئەو کۆمپانیایەدا دەرکەوتووە کە گەشتەکانی بۆ ئێران هەڵوەشاندووەتەوە.
 
راگرتن و هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا لەکاتێکدایە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە تاران و نزیکەی 26 پارێزگای دیکەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە؛ خۆپیشاندەران دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن دروشم دەڵێنەوە و داوای باشترکردنی بژێویی ژیانیان دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی تورکیا

نەخشەڕێگەی پەرلەمانی تورکیا بۆ ئاشتی؛ چەکدانانی پەکەکە و "مۆدێلی تورکیا" بۆ چارەسەری

کۆمیسیۆنی "یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا، راپۆرتی کۆتایی خۆی بۆ چارەسەریی پرسی کورد و کۆتاییهێنان بە ململانێی چەکداری بڵاوکردەوە. راپۆرتەکە جەخت لە "مۆدێلێکی رەسەنی تورکی" دەکاتەوە کە بەبێ ناوبژیوانی دەرەکی، ئامانجیەتی پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.