رووداو دیجیتاڵ
جەیلان ئاکچا، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئامەد ناڕەزایی بەرامبەر سزاکانی سەر ئامەدسپۆر نیشاندا و سێ پرسیاری ئاراستەی یاریدەدەری سەرۆککۆمار، وەزیری وەرزش لاوان و سەرۆکی پەرلەمان کرد.
ئاکچا لە پرسیارەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامەدسپۆر تەنیا یانەیەکی وەرزشی نییە، بەڵکو ناسنامە و ئینتیتمایە، هەروەها دەڵێت: "سزای دارایی، بێبەشکردن لە مافەکان، قەدەخەکردنی گەشتی هاندەران و بڕیاری تووندی ناوبژیوانان بەرامبەر بەو یانەیە، بووەتە هۆی دروستبوونی مشتومڕێکی جددی لە شەقامدا".
ئەو پەرلەمانتارەی ئامەد راشیگەیاند، سزاکانی هەفتەکانی دوایی و بڕیاری ناوبژیوانان لە هەندێک یارییدا، تووڕەیی خەڵکی بەدواداهاتووە و خەڵکی ناڕازی باسی هەبوونی دووفاقی لە جێبەجێکردنی یاسای تۆپی پێ دەکەن.
لەو پرسیارانەی ئاراستەی جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا کراوە، هاتووە: "ئایا یەکەم بوونی ئامەدسپۆر، لەلایەن دەسەڵاتەکەتانەوە وەک کێشەیەکی ئەمنی دەبینرێت؟"
هەروەها لەو پرسیارەی ئاراستەی عوسمان ئاشکن باک، وەزیری وەرزش و لاوانی تورکیا کراوە: "ئایا کاتێک ئامەدسپۆر دەبێتە پاڵەوان، وەزارەتەکەتان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان وەک کێشەیەکی ئەمنی دەیبینن؟"
لەو پرسیارەش کە جەیلان ئاکچا ئاراستەی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیای کردووە، گوتارە سیاسییەکانی تایبەت بە فەراهەمکردنی تەبایی نیشتمانی لەگەڵ کوردی وەبیرهێناوەتەوە و دەڵێت: "لەکاتێکدا لە لێدوانەکانتاندا دەستەبەرکردنی تەبایی نیشتمانی لەگەڵ کورد وەکو سیاسەتێکی دەوڵەت پێناسە دەکەن، ئایا پاڵەوانبوونی ئامەدسپۆر وەک کێشەیەکی ئەمنی دەبینرێت؟"
ئامەدسپۆر ئەمساڵ لە خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا یاریدەکات و پلەی سێیەمی گرتووە.
ئەو یانەیەی باکووری کوردستان هەوڵدەدات خۆی بگەیەنێتە سوپەرلیگ و لە ریزی یانەکانی گاڵاتەسەرای، فەنەرباخچە و بێشکتاش یاری بکات.
کۆی ئەو سزا داراییانەی لە ماوەی رابردوودا یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا بەسەر ئامەدسپۆری سەپاندووە، گەیشتە 2 ملیۆن لیرەی تورکی کە دەکاتە نزیکەی 46 هەزار دۆلار.
ئامەدسپۆر تەنیا لە ماوەی سێ هەفتەدا، بڕی 2 ملیۆن و 36 هەزار لیرە لە خەزێنەکەی وەک سزا چووەتە دەرەوە.
بەهۆی پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە بە 802 هەزار لیرە سزادرا.
هەروەها ناهید ئەرەن، سەرۆکی یانەکەش بۆ ماوەی 15 رۆژ لە هەموو چالاکییەکی وەرزشی سڕ کرا.
لە دوای یارییەکەی بەرامبەر ئەدەنە دەمیرسپۆر، چەکدار ئۆرهان، کاپتنی ئامەدسپۆر دوای تۆمارکردنی گۆڵ ئاهەنگی گێڕا و ئاماژەی بە هۆنینەوەی کەزی کرد.
ئەمە رەوانەی لیژنەی دیسپلین کرا و بەهۆیەوە یانەکە 600 هەزار لیرە (13 هەزار و 800 دۆلار) سزا درا، هەروەها یاریزانەکەش بۆ 5 یاری سڕ کرا.
بەهۆی ئەو رووداوانەی لە یاریی بەرامبەر ساکاریاسپۆر لە 15ی شوباتی 2026 لە خولی پلە یەکی تورکیا روویاندا، یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا جارێکی دیکە ئامەدسپۆری سزا دا. بەهۆی ئاژاوەی هاندەران لە نێو یاریگای ئامەدسپۆر، بڕی 550 هەزار لیرە سزا بەسەر یانەکەدا سەپێنرا.
هەروەها چەندین جۆری دیکەی سزا بەسەر یانەی ئامەدسپۆر و هاندەرانیدا سەپێندراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ