ئەردۆغان لەبارەی یەپەگە: هیچ شوێنێکیان لە سووریادا نییە

09-02-2025
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا درەنگی شەوی یەکشەممە 9-2-2025 بەر لە بەرێکەوتنی بۆ وڵاتی مالیزیا لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی سازکرد. 
 
یەکێک لەو بابەتانەی ئەردۆغان باسی کرد، سەردانەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا بوو.
 
ئەردۆغان وەڵامی پرسیارێکی لەبارەی داهاتووی شەڕڤانان لە سووریا و رۆژئاڤای کوردستان دایەوە و گوتی: "لە سووریادا هیچ شوێنێک بۆ رێکخراوە تیرۆرستییەکان نییە. ئەو تێکۆشانەی ئێستا بەڕێز شەرع لەوێ دەیکات، دژی رێکخراوە تیرۆرستییەکانە. دەبێت لە خاکی سووریا کۆتایی بە چالاکییەکانی رێکخراوە تیرۆرستییەکان بێت، جا چەک دابنێن یانیش چەکیان پێ دابنرێت. بە روون و ئاشکرا ئەمانەمان لەگەڵ بەڕێز شەرع باسکردن".
 
گوتیشی، "نابێت جگە لە سوپای سووریا کە بۆ فەراهەمکردنی سەقامگیریی هەمیشەیی دروستکراوە، گرووپی چەکداری هەبن. لەم بابەتەدا پێشهاتە ئەرێنییەکان دەبینم. هەر لەم بارەیەوە دەرفەتی ئەوەم هەبوو گوێ لە بەڕێز شەرع بگرم".
 
ئەمە لەکاتێکدایە لە سووریادا جگە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گرووپی دیکەی بچووکیش هەن. ئەردۆغان رایگەیاند کە زۆر لەو گرووپانە خۆیان هەڵوەشاندووەتەوە و چوونەتە ریزی سوپای سووریا. 
 
ئەردۆغان هەروەها گوتی: "رێکخراوە تیرۆرستییەکانی وەکو داعش و پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە، وا بیردەکەمەوە دەبێت تێبگەن لەوەی هیچ شوێنێکیان لە سووریادا نییە. ئەمە بابەتێکە کە لەگەڵ بەڕێز شەرع بیرکردنەوەی هاوبەشمان لەبارەیەوە هەیە. ئێمە وەکو تورکیا سڵ ناکەینەوە لە پشتیوانیی پێویست بۆ سووریا، چونکە ئەو رێکخراوە تیرۆرستیانە بۆ ئێمە و دراوسێشمان هەڕەشەن. لەنێوبردنیشیان شتێکە دەستی لێهەڵناگیرێت. لە بەرامبەر ئەو رێکخراوانە کەمترین لێبوردەییمان نییە، لەم بارەیەوە لە خاکی وڵاتەکەماندا سەرکەوتوو بووین و ئامادەین بۆ هەمان سەرکەوتن لە باکووری سووریا".
 
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر رۆژی 4-2-2025 سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە، دواتریش کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە