رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی داتای دامەزراوەی ئاماری تورکیا، کۆی گشتیی دانیشتووانی تورکیا و باکووری کوردستان بۆ 86 ملیۆن و 92 هەزار و 168 کەس بەرزبووەتەوە.
دامەزراوەکە ئەمڕۆ دووشەممە 9ی شوباتی 2026 داتاکانی تایبەت بە ئاماری دانیشتووانی بۆ ساڵی 2025 بڵاوکردەوە.
بەپێی داتاکان، ژمارەی دانیشتووانی تورکیا و باکووری کوردستان تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2025 بەراورد ساڵی پێشتر 427 هەزار و 224 کەس زیادیکردووە و گەیشتووەتە 86 ملیۆن و 92 هەزار و 168 کەس.
ژمارەی دانیشتووانی پیاوان لە تورکیا گەیشتووەتە 43 ملیۆن و 59 هەزار و 434 کەس، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی ژنان 43 ملیۆن و 32 هەزار و 734 کەسە. بە واتایەکی دیکە، پیاوان رێژەی 50.02% و ژنانیش رێژەی 49.98%ی کۆی گشتیی دانیشتووان پێکدەهێنن.
قەرەباڵخترین پارێزگا ئیستەنبووڵە
بەگوێرەی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، رێژەی ساڵانەی گەشەی دانیشتووان لە ساڵی 2024 ـدا 3.4 لە هەزار بووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2025 ـدا بووەتە 5 لە هەزار.
چڕیی دانیشتووان کە بە "ژمارەی کەسەکان لە یەک کیلۆمەتر چوارگۆشەدا" پێناسە دەکرێ، لە سەرتاسەری تورکیادا 112 کەس بووە.
ئیستەنبووڵ، بە دووهەزار و 943 کەس لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەدا بووەتە ئەو پارێزگایەی کە زۆرترین چڕیی دانیشتووانی هەیە.
دێرسیم-ی باکووری کوردستان کەمترین دانیشتوانی هەیە
ئەو پارێزگایەی کەمترین چڕیی دانیشتووانی هەیە، دێرسم ـی باکووری کوردستان بووە کە لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا 11 کەس نیشتەجێن.
ژمارەی دانیشتووانی ئامەد 18 هەزار کەس زیادیکردووە
ژمارەی دانیشتووانی ئامەد کە لە ساڵی 2024ـدا یەک ملیۆن و 833 هەزار و 684 کەس بوو، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 852 هەزار و 356 کەس.
تێکڕای گەشەی ساڵانەی دانیشتووان لە پارێزگاکەدا بە رێژەی 0.86% (8.6 لە هەزاردا) تۆمارکراوە. بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا، رێژەی گەشەی دانیشتووان لە سەرتاسەری ئامەد بە 10.1% هەژمار کراوە.
64%ی دانیشتووانی ئامەد لە چوار ناوچەی شارەکەدان
زۆرینەی دانیشتووانی ئامەد لە شارۆچکە ناوەندییەکان (هەر شارۆچکەیەک چەند گەڕەکێک لەنێو ئامەد دەگرێتەوە) چڕبوونەتەوە. شارۆچکەی پەیاس بە 454 هەزار و 311 کەس لە پلەی یەکەم، شارۆچکەی رەزان بە 402 هەزار و 275 کەس لە پلەی دووەم، شارۆچکەی باژارانوو بە 232 هەزار و 622 کەس لە پلەی سێیەم و شارۆچکەی سوور بە 97 هەزار و 961 کەس لە پلەی چوارەمدا دێن.
ئەم چوار شارۆچکەیە بە کۆی گشتی یەک ملیۆن و 187 هەزار و 169 کەس، نزیکەی 64.09%ی کۆی دانیشتووانی ئامەد پێکدەهێنن.
رووها زۆرترین گەنجی هەیە
سەبارەت بە دابەشبوونی تەمەنی ناوەند بەپێی پارێزگاکان، دەرکەوتووە کە سینۆپ ـی تورکیا بە 44 ساڵ بەرزترین تەمەنی ناوەندی هەیە. دوای سینۆپ، گیرەسون بە 43.5 ساڵ و کاستامۆنوـی تورکیا بە 43.3 ساڵ دێن. پارێزگای رووها ـی باکووری کوردستان بە 21.8 ساڵ کەمترین تەمەنی ناوەندی هەیە. دوای رووها، شرنەخ بە 23.3 ساڵ و سێرت ـی باکووری کوردستان بە 25 ساڵ دێن.
ژمارەی دانیشتووانی بیانی
ژمارەی دانیشتووانی بیانی لە تورکیا و باکووری کوردستان بەراورد بە ساڵی پێشتر 38 هەزار و 968 کەس زیادیکردووە و بە یەک ملیۆن و 519 هەزار و 515 کەس تۆمار کراوە. 49.3%ی ئەو ژمارەیە لە پیاوان و 50.7%ی ژنان پێکدێن.
لە چوارچێوەی ژمارەی دانیشتووانی بیانی، ئەو کەسانەی لە کاتی تۆمارکردنی داتاکان مۆڵەتی نیشتەجێبوون یان کارکردنیان هەبووە، ئەوانەی خاوەنی بەڵگەنامەی ناسنامەن کە جێگەی مۆڵەتی نیشتەجێبوون دەگرێتەوە وەکو ناسنامەی پاراستنی نێودەوڵەتی و ناونیشانی نیشتەجێبوونیان لە کاتی تۆمارکردندا هەبووە، هەروەها هەڵگرانی کارتی شین کە بە مۆڵەت وازیان لە وڵاتینامەی تورکیا هێناوە و لە کاتی تۆمارکردندا ناونیشانی نیشتەجێبوونیان هەبووە، لە ئامارەکەدا هەژمارکراون.
ئەو بیانیانەی بەهۆکاری وەک بەشداریکردنی خول، گەشتیاری و توێژینەوەی زانستییەوە ڤیزە یان مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کەمتر لە 90 رۆژیان هەیە و ئەو سووریانەی کە بە ستاتۆی پاراستنی کاتی لە وڵاتەکە نیشتەجێن، لە ئاماری دانیشتوواندا لەخۆ نەگیراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ