رووداو دیجیتاڵ
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و جۆن هێلی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، وەک بەشێک لە پرۆسەی کڕینی 20 فڕۆکەی جەنگیی جۆری یورۆفایتەر تایفوون لەلایەن تورکیاوە، گرێبەستی پشتیوانیی تەکنیکی و لۆجستییان بۆ بەردەوامی و کارپێکردنی فڕۆکەکان واژۆ کرد.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، گولەر و هێلی لە لەندەن گرێبەستەکەیان واژۆ کرد کە "پشتیوانیی تەکنیکی و لۆجستی بۆ پاراستن و بەگەڕخستنی" فڕۆکەکانی یورۆفایتەر لەخۆدەگرێ.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە کۆبوونەوەکەی نێوان یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و جۆن هیلی، هاوتا بەریتانییەکەی لە لەندەنی پایتەختی ئەو وڵاتە، باسیان لە بابەتەکانی هاوئاهەنگیی بەرگری کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، گرێبەستی کڕینی فڕۆکە، کەرەستە و تەقەمەنی لە چوارچێوەی پرۆژەی یۆرۆفایتەر تایفوون لە تشرینی یەکەمی 2025 واژۆکراوە.
ئاماژە بەوەش دراوە، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر واژۆکردنی گرێبەستی پشتیوانیی تەکنیکی و لۆجستی بۆ بەردەوامی و کارپێکردنی فڕۆکەکان.
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، هەردوولا ویستی خۆیان بۆ بەهێزترکردنی هاوئاهەنگییەکانیان لە قۆناخی داهاتوودا دەربڕیوە.
سەردانەکەی کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ تورکیا لە 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، رێککەوتنی یورۆفایتەر تایفوون باڵی بەسەردا کێشابوو.
ستارمەر لە رێوڕەسمی واژۆکردنەکەدا کە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، 20 فڕۆکەی جەنگی بە تورکیا دەفرۆشرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ