ساکک: کوردتان راگواست بۆ بورسە لەنێوبچن، بەڵام لە نەورۆزدا گوتیان لێرەین

دوێنێ کاژێر 08:36
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سرری ساکک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیادا کە شەوی رابردوو 24-3-2026 بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، لە نەورۆزی ئەمساڵدا لە پارێزگای بورسەی تورکیا بووە و لەوێ ژمارەیەکی زۆر کوردی لە ئاهەنگی نەورۆزدا بینیوە.
 
ساکک کە لەم جەژنی نەورۆزەدا سەردانی پارێزگای بورسەی تورکیای کرد و لە ئاهەنگی نەورۆزی ئەوێدا گوتاری پێشکێشکرد.
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی هەروەها گوتی: "یاری بە داهاتووی گەلان مەکەن. من لەوێ سوپاسم کردن؛ ئێرە ئامەدە، ئێرە ئیستەنبووڵە. ئایا ئامەد شارێکی تورکیا نییە؟ وان شارێکی تورکیا نییە؟ ئیستەنبووڵ شارێکی تورکیا نییە؟ بۆچی لەمە ناڕەحەتن؟ چونکە ئێوە بەرگەی ناگرن".
 
بەهۆی کۆچ و هەڵمەتی راگوێزان، کورد لە زۆربەی پارێزگاکانی تورکیاش هەن. بورسەش یەکێک لەو شارانەیە کە هەر لە ساڵانی دامەزراندنی کۆماری تورکیا هەتاوەکو ئێستا کوردی لێ نیشتەجێیە.
 
سرری ساکک رووی دەمی لە پەرلەمانتارەکان کرد و گوتی:" لەوێوە خەڵکتان بەرەو بورسە راگوێزا. گوتتان دەڕۆن و لەوێ لەنێودەچن و ناسنامە و باوەڕیان لەبیردەچێتەوە. بەخوا لەوێ لە نەورۆز دەهەزار و سەت هەزار کۆبوونەوە و گوتیان ئێمە بە ناسنامەوە لێرەین و سەرەڕای گوشارەکان هەر هەین. گوتیان ئێمە لەم خاکەدا ئاشتی بونیات دەنێین".
 
ساکک داوای لە خەڵکی بورسە کرد گوێ بە نەژادپەرست و تووندڕەوەکان نەدەن و جەختیکردەوە کە ئەو کەسانە تەنیا دەیانەوێ ببنە پەرلەمانتار و دڵسۆزی ئەوان نین.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە