رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، هەوڵ بۆ تێکدان و لەباربردنی پرۆسەی چارەسەری هەیە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە "لە شوێنی پێویستدا وەڵامی ئەو هەوڵانە دەدرێتەوە" و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.
رۆژی دووشەممە، 9-2-2026، دوای کۆبوونەوەی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی ئاکپارتی لە ئەنقەرە، عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانیی سازکرد.
چەلیک باسی لە سووربوون و پێداگریی ئاکپارتی کرد بۆ درێژەپێدانی پرۆسەکە و گوتی: "کارەکانمان بۆ پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر و ناوچەی بێ تیرۆر بە خێرایی لە داهاتوودا بەردەوام دەبن و ئێستاش بەردەوامن. پرۆسەکە بەگوێرەی ئەو بنەمایانەی بۆمان دانابوو، بەرەوپێش دەچێت."
گوتەبێژی ئاکپارتی ئاماژەی بە بوونی زنجیرەیەک هەوڵ کرد بۆ تێکدان و لەباربردنی پرۆسەی چارەسەری و گوتی: "بێگومان هەوڵەکانی بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە، داواکاریی نابەجێ و گوتەی سنووربەزێن، بۆ ئەوەن تاوەکو ئامانجمان لێ ون ببێت. ئەمانە تاقمێک هەڵوێست و قسەی نەژادپەرستانەن و مەبەست لێیان تێکدانە."
عومەر چەلیک هۆشداریدا و گوتی: "ئێمە لە شوێنی پێویستدا وەڵامی پێویستیان دەدەینەوە، ئێمە ئامانجی خۆمان ون ناکەین."
سەبارەت بە دۆخی سووریاش، گوتەبێژەکەی ئاکپارتی رایگەیاند، رێگە بە هەوڵی گێرەشێوێنی و تێکدەرانە نادەن و گوتی: "سەرۆککۆمار جەختی لەسەر گرنگیی سەقامگیریی ئەو وڵاتە لەژێر بنەمای یەک سوپا و یەک گەل کردووەتەوە."
هەروەها هیوای خواست سووریا بە جۆرێک درێژە بە هەنگاوەکانی بدات، کە لە بەرژەوەندیی کورد، عەرەب و تورکمان بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ