رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە دەڵێ، پێویستە دەستبەجێ و بێ مەرج پەکەکە چەکەکانی رادەستی کۆماری تورکیا بکات. دەشڵێت بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، یەپەگەش دەگرێتەوە.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە ئەمڕۆ یەکشەممە نۆی ئاداری 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس داوای لە پەکەکە و سەرجەم گرووپەکانی سەر بە پەکەکە کرد، بەگوێرەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان، دەستبەجێ و بێ مەرج چەک دابنێن و چەکەکانیان رادەستی کۆماری تورکیا بکەن.
باخچەلی دەڵێت: "ئەو بانگەوازەی لە 27ی شوباتدا لە ئیمرالیەوە کرا، بە روونی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە هەموو درێژکراوە و گرووپەکانی دیکەی لەخۆدەگرێت. ئەو بانگەشانەی کە دەڵێن یەپەگە و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەی هاوشێوەی ئەو لە دەرەوەی ئەو بانگەوازەن و ئەو دەنگە جیاوازانەی کە بەپێی پلانێک ئەم بۆچوونە بێ بنەمایە بڵاودەکەنەوە، بە تەواوی لەگەڵ سرووشتی سەرکردایەتی دامەزرێنەر و رێکخراوەکەدا ناگونجێت. ئەو کەسەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەی دروستکردووە، داوای هەڵوەشاندنەوەی کردووە".
سەرۆکی مەهەپە جەخت لە تورکیایەکی بێ تیرۆر دەکاتەوە و دەڵێت: "تورکیایەکی بێ تیرۆر دەبێت بە خێرایی بەدی بهێنرێت و تیرۆر لە ژیانمان دووربخرێتەوە، بە پێچەوانەوە ئەوانەی چەک هەڵدەگرن قورسترین باجی بۆ دەدەن".
شاندی دەم پارتی کە تائێستا سەردانی ئیمراڵی کردووە، رۆژی 27ـی شوباتی 2025 لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە. ئۆجەلان لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە گوتی، "کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
کۆمیتەی رێڤەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرەبەیانی رۆژی شەممە 1ـی ئاداری 2025 رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن و جێبەجێی دەکەن و لە ئەمڕۆوە ئاگربەست رادەگەیێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ