رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاکپارتی باسی بوونی تێگەیشتنی باشی لایەنەکان لە پرۆسەی هەوڵەکانی چەکداماڵینی پەکەکە دەکات و رەتیدەکاتەوە هیچ مامەڵەیەک لەنێوان دەوڵەت و پەکەکە یان دەم پارتی هەبێت.
لە دوای کۆبوونەوەی ناوەندیی بەڕێوەبردن و بڕیاری ئاکپارتی کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 9-3-2025، لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، عومەر چەلیک، یاریدەدەری سەرۆک و گوتەبێژی پارتەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی کرد.
لەکاتێکدا شاندی ئیمراڵی لە سەروبەندی ئەوەیە دووبارە سەردانی پارتەکان بکاتەوە، عومەر چەلیک گوتی: "لەدوای بانگەوازی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی تیرۆریستی، لەو پەیامانەی بڵاوبوونەتەوە دەبینین تێگەیشتنی باش هەیە".
گوتەبێژەکەی ئاکپارتی هاوکات باسی لە چەند بۆچوون و هەڵوێستێکی جیاواز کرد و گوتی: "بەشێک بەداخەوە روو لە دەوڵەت، حکومەت و هاوپەیمانیی جمهوور دەکات و دەڵێت: 'بەرامبەر ئەم پرۆسەیە چیتان دا'؟ ئێمە گوتمان ئەمە ئاڵوگۆڕ نییە، بەڵکو ئەمە نزیکبوونەوەیەکە بەگوێرەی ئەو بنەمایانەی باسمان کردووە. کەسانێکیش لەکاتی قسەکردن لەسەر ئەم پرۆسەیە هەوڵی سەپاندنی زنجیرەیەک مەرج لەڕووی یاسایی و سیاسییەوە بەسەر دەوڵەتدا بسەپێنێت. ئەم دوو هەڵوێستە لە دەرەوە دادەنێین و هیچیان راست نین".
دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی 01-10-2024 لەکاتی واڵاکردنی دەرگەی پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا، چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلیی بە "پەنجەرەی هیوا" ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن.
شاندی دەم پارتی رۆژی 28-12-2024 سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دیداری کرد.
باخچەلی رۆژی 31-12-2024 سەبارەت بەو دیدارە گوتی: "بە شێوەیەکی گشتی، بەشێک لەو دیدارە کە لە میدیادا بڵاوکراوەتەوە، جگە لەوەی هیوای دیموکراسی، برایەتیی تورک و کوردی بەهێزکردووە، بووەتە دەستپێکێکی خێردار. ئیدی پێویستە بابەتەکە لە گوتەوە بۆ کردار بگۆڕدرێت و قۆناخ بە قۆناخیش پێشهاتەکان رابگەیێندرێن".
شاندەکەی دەم پارتی دوای دیدارەکەی ئیمراڵی، لەگەڵ زۆربەی پارتەکان و ژمارەیەک کەسایەتیی گرنگ کۆبووەوە. دواتر دووبارە سەردانی ئیمراڵیی کردەوە. ئینجا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
شاندەکە لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ