رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگاکانی گوموشهانە و بایبورت ـی تورکیا، بەهۆی هەورەبرووسکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا. لە پارێزگای سێرت ـی باکووری کوردستانیش بە هەمان هۆکار شوانێک بریندار بوو.
ئێوارەی شەممە (8-6-2024) لە کوێستانەکانی گوندی ئایدۆغدو سەر بە شارۆچکەی کەلکیت لە گوموشهانە، هەورەبرووسکە لە ژنێکی تەمەن 49 ساڵی بە ناوی تولات گەنچ دا و کوشتی.
تیمەکانی تەندروستیی چوونە شوێنی رووداوەکە و لە پشکنینە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت ژنەکە گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی گواسترایەوە دادپزیشکیی نەخۆشخانەی دەوڵەت لە کەلکیت.
ئێوارەی هەمان رۆژ، لە گوندی گونبوڵدو سەر بە شارۆچکەی ئایدینتەپە لە بایبورت، هەورە برووسکە لە گەنجێكی تەمەن 24 ساڵی دا بە ناوی بوراک بایراکتار، ئەو گەنجەش هەر لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستدا، پاشان تەرکەمەی گوازرایەوە نەخۆشخانەی دەوڵەت لە بایبورت.
لە لایەکی دیکەوە، لە گوندی جەڤیزلیکی سەر بە شارۆچکەی هەزەخ لە پارێزگای سێرتـی باکووری کوردستان، گەنجێکی تەمەن 22 ساڵ بە ناوی "بەتول س." هەورەبرووسکە لێیدا و بریندار بوو. تیمەکانی تەندروستی گواستیانەوە نەخۆشخانەی فێرکاریی سێرت.
کەشناسیی تورکیا بۆ ئەمڕۆ پێشبینی دەکات، بارانی بەخوڕ لە 18 پارێزگای باکووری کوردستان ببارێت و لە هەندێک شوێن لافاو دروست بێت. چاوەڕوان دەکرێت شەپۆلی بارانبارینەکە بۆ دوو رۆژ بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ