رووداو دیجیتاڵ
فەردی زەیرەک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی مانیسا کە ئەندامی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە، رۆژی 6ـی حوزەیران کارەبا گرتی و ئەمڕۆ دووشەممە، 9-6-2025، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
کەمال مەمیشئۆغڵو، وەزیری تەندروستیی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "سەرۆکی گەورەشارەوانیی مانیسا، فەردی زەیرەک کە تووشی رووداوێک بوو و ماوەیەکە لەژێر وەرگرتنی چارەسەرە، سەرەڕای هەموو هەوڵەکان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا".
یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، فەردی زەیرەک لە ماڵەوە بووە و لەوکاتەدا کارەبای ماڵەوەیان کێشەیەکی تێکەوتووە. ئەویش هەوڵیداوە چاکی بکات، بەڵام کارەبا لێیداوە.
زەیرەک گەیێندرایە نەخۆشخانە و خرایە ژێر چاودێری. پزیشکان گوتیان لەگەڵ رووداوەکە دڵی وەستاوە و دواتر بە هەوڵی ئەوان دووبارە گەڕاوەتەوە.
ئەو بەرپرسەی جەهەپە دوای سێ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 9-6-2025، گیانی لەدەستدا.
فەردی زەیرەک ساڵی 1977 لەدایکبووە. بەشی تەلارسازیی لە زانکۆی ئوڵوداغ تەواوکردووە. لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا کە رۆژی 31-3-2024 بەڕێوەچوو، بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی مانیسا هەڵبژێردرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ