گەرگەرلیئۆغڵو: لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان لێکۆڵینەوەی لە کۆمەڵکوژییەکەی کۆنیا رەتکردەوە

09-08-2021
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن کۆنیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە رایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی تورکیا داواکاری بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی کوشتنی 7 ئەندامی خێزانێکی کوردی لە پارێزگای کۆنیا رەتکردەوە.
 
گەرگەرلیئۆغڵو رۆژی یەکشەممە 8ی ئاب سەردانی کۆنیای کرد و لەگەڵ کەسوکاری دەدەئۆغوڵڵاری کۆبووەوە. 
 
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە رایگەیاند:"کۆمەڵکوژکردنی بنەماڵەی دەدەئۆغوڵڵاری بردرایە نێو پەرلەمان و ئاراستەی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە مافەکانی مرۆڤ کرا، بەڵام سەرۆکی لیژنەکە بێ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بکات، گوتی: ئەمە دووژمنداریی گوندنشینانە و رەتیکردەوە لیژنە بنێرێتە شوێنی رووداوەکە".
 
گەرگەرلیئۆغڵو ئەوەی بە فەرامۆشکردنی ئەرک ناوبرد و گوتی: پێویستە ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی تورکیا هەڵبوەشێتەوە. 
 
لە کۆنیا ژمارەیەکی زۆر کورد هەن، بەتایبەتی لە باکووری کۆنیا چەند شارۆچکەیەک هەن کە زۆربەیان کوردنشینن؛ لە ناوەندی کۆنیاش کوردی زۆر هەن. بەگشتی سێیەکی دانیشتووانی کۆنیا کوردن. 
 
عەبدولڕەحمان کارابوڵوت، پارێزەری بنەماڵە کوردە کوژراوەکە گوتی: "بێگومان کورد بەرامبەر بەو رووداوە نەتەوەپەرستیانە نیگەران و تووڕەن، تەنانەت بەشێکی زۆر لە تورکەکانی کۆنیاش نیگەرانیی ئەو رووداوەن و قبووڵی ناکەن".
 
ئێوارەی رۆژی هەینی 30ی تەممووزی 2021، حەوت ئەندامی خێزانێکی کورد لە ناوچەی مەرامی شاری کۆنیا لە تورکیا بە دەستڕێژی گولـلە کوژران.
 
دوای رووداوەکە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی تووندی رووداوەکەیان کرد و داوای سزادانی بکوژانیان کرد. 
 
لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیاش کاردانەوەی تووندیان هەبوو و ئاکپارتییان بە دروستکردنی پشێوی و سیاسەتی رق و کینە و دژایەتیکردنی کورد تۆمەتبارکرد. 
 
دەسەڵاتیش رایگەیاند، ئەو تاوانە هیچ پەیوەندییەکی بە کورد و تورکەوە نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە