رووداو دیجیتاڵ
لەدوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر چەند بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس لە قەتەر، تورکیا پشتیوانیی خۆی بۆ دەوحە نیشاندا و ئیسرائیلی بە "شەڕەنگێز" ناوبرد.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 9-9-2025 راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "ئیسرائیل تیرۆریزمی وەک سیاسەتێکی دەوڵەت گرتووەتەبەر. لە کاتێکدا دانوستاندنەکان لەبارەی ئاگربەست بەردەوامن، هێرشکردنە سەر شاندی دانوستاندنکاری حەماس نیشاندەری ئەوەیە کە ئیسرائیل مەبەستی بەردەوامبوونی شەڕە، نەوەک گەیشتن بە ئاشتی".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت: "بەرامبەر ئەو هێرشە قێزەونەی سەروەری و ئاسایشی قەتەری کردووەتە ئامانج، پشتیوانی لە قەتەر دەکەین".
ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکە رایگەیاند، سەرکردەکانی حەماسی کردووەتە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێ، جارێکی دیکە بانگەواز ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی هێرشەکانی لە فەلەستین و ناوچەکەدا.
تورکیا و قەتەر پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ