رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆککۆماری تورکیا بە پێویستی دەزانێ وڵاتەکەی لەم دەستوورەی ئێستا کە بەرهەمی کودەتای 1980یە رزگاری بێ و دەستوورێکی مەدەنی بنووسرێتەوە.
یاڵچن تۆپچو، راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە، 9-9-2025 باسی کاریگەرییەکانی کودەتاکەی 12ی ئەیلوولی 1980ی لەسەر کۆمەڵگە کرد.
یاڵچن تۆپچو دەستوورێکی سڤیلی بە پێویست زانی کە "دەوڵەت بە نەمر، نەتەوە بە بنەما و مرۆڤ بە پێشینە دابنێ"، گوتیشی پێویستە بەپەلە دەستوورێکی نوێ لەبری ئەم دەستوورەی ئێستا کە "بەرهەمی بیرکردنەوەی کودەتاچییەکانە،کاری پێ بکرێت."
ئەو راوێژکارەی سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها دەڵێت، هاووڵاتییان ئینجا لایەنگری هەر پارتێکی سیاسی بن، پێویستە دەنگی بەڵێ بە هەمواری هەر دەستوورێکی نوێ بدەن.
یاڵچن تۆپچو هیوای سەرکەوتنی بۆ (پرۆسەی چارەسەری) خواست و جارێکی دیکە سەرکۆنەی کودەتا و کودەتاچییانی کرد.
بۆچی بە دەستووری تورکیا دەڵێن بەرهەمی کودەتا؟
دوای کودەتاکەی کەنعان ئێڤرەن، لە 12ی ئەیلوولی 1980 حکومەتی ئەوکات ناچالاک کرا و دەسەڵاتێکی سەربازیی بەڕێوەبردن راگەیێندرا.
دەسەڵاتی سەربازی بە سەرکردایەتیی کەنعان ئێڤرەن دەستوورێکی نووسییەوە. رۆژی 7-1-1982 خەڵک بۆ پەسندکردن یان رەتکردنەوە چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
لە کۆی 18 ملیۆن و 885 هەزار و 488 کەس کە دەنگیان دا، 17 ملیۆن و 215 هەزار و 559 کەس دەنگی "بەڵێ"یان بە دەستوورەکەی کەنعان ئێڤرەن دا.
ئەو دەستوورەی ئێستا لە تورکیا بە بەرهەمی کودەتا ناودەبرێ، ئەوکات رەزامەندیی 91.3٪ی دەنگدەرانی تورکیای بەدەستهێنا و خرایە واری جێبەجێکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ