رووداو دیجیتاڵ
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە گوتنەوەی دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی رایگەیاند، هیچ پارتێکی سیاسی نابێت ئەجێندای تایبەتی خۆی بە ئەجێندای پرۆسەی چارەسەری بزانێت.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە ئێوارەی چوارشەممە 8-10-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، گوتەبێژی ئاکپارتی وەڵامی پرسیارێکی سەبارەت بە گوتنەوەی دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی دایەوە.
چەلیک ناڕاستەوخۆ هۆشداریی بە دەم پارتی دا و گوتی: "نابێت هیچ پارتێکی سیاسی ئەجێندا و ئایدۆلۆژیای تایبەتیی خۆی بە ئەجێندای تەواوی پرۆسەکە بزانێت".
عومەر چەلیک هەروەها جەختیکردەوە ئەو هەنگاوەی دەم پارتی رۆڵی لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەکەدا هەبووە؟ یان دەرگای لەسەر گفتوگۆی دیکە واڵاکردووە؟ گوتیشی: "هەر بۆیە پێویستە هەمووان بەوپەڕی بەرپرسیارییەتەوە هەڵسوکەوت بکەن. نابێت ئەو هەنگاوانە بنێن کە سەرنجمان لەسەر پرۆسەکە لادەدەن و کاردانەوەی حەقانیی خەڵک بەدوای خۆیانەوە دەهێنن".
رۆژی 7-10-2025 بۆ یەکەمین جار لە میژوودا دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا گوترایەوە.
ئەمە کاردانەوەی زۆری بەدواداهاتووە و بووەتە رۆژەڤی تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ