رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، دابەزینی رێژەی گەشەی دانیشتووانی وڵاتەکەی گەیشتووەتە 1.7، ئەمە بە "خۆکوشتن و قبووڵنەکراو" وەسفدەکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کاتی گەڕانەوەی لە ئازەربایجان لەنێو فڕۆکەدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
ئەردۆغان، لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، رێژەی گەشەی دانیشتووانی تورکیا زۆر دابەزیوە و ئەمەش کێشەیە بۆ وڵاتەکەیان.
ئەردۆغان گوتی: "پرسی خێزان بۆ ئێمە بابەتێکی زۆر گرنگە. هەروەک چۆن بۆ ئاسایشی وڵاتەکەمان پیشەسازیی بەرگری پەرە پێدەدەین و بۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی رێوشوێن دەگرینەبەر، بە هەمان شێوەش ناچارین خێزانەکانمان بپارێزین."
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "لە ساڵی خێزاندا، گرنگترین بابەت بۆ ئێمە پاراستنی ئەرکی خێزانە لە تورکیا. بۆ ئەمەش هەرگیز رێگە بە لادانەکانی وەکو هاوڕەگەزخوازی نادەین. هەر لایەنێک دامەزراوەی خێزانی بەهێز بێت، بەهێز دەبێت. دامەزراوەی خێزانیی ئێمە بەهێزە. کەواتە ئێمە بە هەنگاوی زۆر بەهێزترەوە بەرەو داهاتوو دەڕۆین. لێرەوە لادان روونادات و رێگەش بە لادانێکی لەو شێوەیە نادەین."
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا، "بەداخەوە ئێستا رێژەی گەشەی دانیشتووانمان گەیشتووەتە 1.7، ئەمە خۆکوشتنە. پێویستە ئەمە چارەسەر بکەین. گەیشتنی رێژەی گەشەی دانیشتووانی تورکیا بەم ئاستە، قبووڵ ناکرێت. بەخۆڕایی ناڵێین لانیکەم 3 منداڵ. بۆچی لانیکەم 4 یان 5 منداڵ نەبێت؟ با ئەمە خێرا بکەین".
ئەردۆغان دەڵێ، بە زیادکردنی ژمارەی دانیشتووان وڵاتەکەیان بەهێزتر دەبێت و پێشدەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ