رووداو دیجیتاڵ
بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، "ئەگەر تورکیا بەڕاستی دەیەوێت کێشەکانی سووریا چارەسەر بکات و پێگەیەک وەربگرێت کە تێیدا سووریا لە ئارامی و ئاسایشدا بژی، دەبێت نێوەندگیری بکات. هەروەها دان بە هەسەدەدا بنێت، کە لایەنێکە لە رێککەوتنی 10ی ئادار و دەستبەجێ دەست بە گفتوگۆ بکات."
رۆژی هەینی 9ی کانوونی دووەمی 2026 سەزایی تەمەلـلی، بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە گرژییەکانی چەند رۆژەی حەلەب و کاریگەرییەکانی لەسەر پرۆسەی چارەسەری گوتی، "راست نییە بڵێین لە سووریا پێکدادان هەیە. لە سووریا هێرشێک بە عەقڵییەتی داعش لەئارادایە. هێرش هەیە بۆسەر دوو گەڕەک، تەنانەت سێ گەڕەک. هێرش هەیە بۆسەر خەڵکی سڤیل. ئەمە لە تورکیا وا دەگێڕدرێتەوە کە گوایە پێکدادانێک لەنێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق هەیە، بەڵام هەسەدە لەوێ نییە. بۆیە خەڵکی سڤیل لەژێر هەڕەشەیەکی جددیدایە."
سەزایی تەمەلـلی راشیگەیاند، هەسەدە پێکهاتەیەکە لەسەر بنەمای یاسای ئەنجوومەنێک لەلایەن گەلانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریاوە دامەزراوە، "لە ماوەی شەڕی سووریادا رەنگە ئارامترین ناوچە بووبێت. دیپلۆماسییەکی زۆریشی بەڕێوەبردووە. ئەم تۆمەتە قبووڵکراو نییە کە دەڵێن، هەسەدە بەکرێگیراوی ئیسرائیلە. هەمووان دەزانن کێ لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتنی کردووە. حکومەتی دیمەشق لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتن دەکات، پاشان هێرش دەکرێتە سەر هەسەدە. لێرەش دەگوترێت: 'هەسەدە و ئیسرائیل رێککەوتوون'. ئەمە گاڵتەکردنە بە ئەقڵی ئێمە."
تەمەلـلی جەختی لەوە کردەوە، زمانی هەڕەشە بەرامبەر هەسەدە قبووڵ ناکەن و گوتی، "پێویستە بنکەی دانوستاندنەکان چ لە تورکیا و چ لە سووریا بپارێزرێن و بەردەوام بن. پێویستە بەپەلە لە سووریا بگەڕێینەوە بۆ گفتوگۆکانی رێککەوتنی 10ی ئادار."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ