رووداو دیجیتاڵ
گرانبوونی نرخی پیاز لە باکووری کوردستان و تورکیا بووەتە جێی رەخنەی ئۆپۆزیسیۆن و بەرپرسانیش دەڵێن، بەرهەمی پیازی ئەدەنە کۆتایی بەم گرانییە دەهێنێت.
نرخی کیلۆیەک پیاز بەر لە هاتنی مانگی رەمەزان بە 10 لیرە بوو، ئێستا لە بازاڕەکاندا بە 25 لیرەیە و لە مارکێتەکانیش دەگاتە 30 لیرە.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە دەڵێت: "رۆژەڤی راستەقینەی هاووڵاتی ئەمەیە؛ چونکە دەزانن کاتێک من دێم، دیموکراسی دێت، پارە دەڕژێ، وەبەرهێنان زیاد دەبێت. هەروەها دراوی بیانی دەشکێ و هەلی کار زیاد دەبێت و زێڕ و بەرەکەت دێ."
ئەم گوتانەی کڵچدارئۆغڵو لەکاتێکدان رەجەب تەیب ئەردۆغان شەممەی رابردوو لە رێوڕەسمێکدا هێڵێکی نوێی مێترۆی کردەوە، ئەردۆغان لە وەڵامی رەخنەکانی ئۆپۆزیسیۆن گوتی؛ کەسانێک تەنیا قسە دەکەن؛ "ئێمە لەوانە نین کە قسە لەسەر قسە دادەنێن، بەڵکو هەمیشە بەردمان لەسەر بەرد داناوە."
تەنانەت پەرلەمانتارانی جەهەپەش لە پەرلەماندا بەردەوام جەخت لەسەر گرانبوونی پیاز دەکەنەوە.
موزەیەن شەڤکین، پەرلەمانتاری جەهەپەیە و دەڵێت: "بەم 200 لیرەیە پار 100 کیلۆ پیازت دەکڕی، بەڵام ئێستا 7 کیلۆت بۆ دەکڕدرێت."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵیی ئەدەنە دەڵێ پار لە پارێزگاکەیاندا 26 هەزار دۆنم بۆ پیاز تەرخان کرابوو و ئەمساڵ رووبەرەکە زیاتر بووە. هاوکات رایگەیاند، پیازی ئەدەنە نرخەکان ئاسایی دەکاتەوە.
حەممەد عەلی تەکین، بەڕێوەبەری کشتوکاڵیی ئەدەنە ئاماژەی بەوەشکرد، "لە چەند رۆژی داهاتوودا، لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی بەرهەمی پیاز لە ئەدەنە، پێشبینی دەکەین نرخی پیاز زۆر دابەزێت."
رۆژی شەممە 10-4-2023 جووتیارانی ئەدەنە دەستیان بە کۆکردنەوەی بەرهەمی پیاز کرد و بەپێی پلان، 15ی ئەم مانگە پیازی ئەدەنە دەگاتە بازاڕەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ