جەهەپە داوای هەڵبژاردنی تەواوکاری یان هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رەسەن رەمزی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بەتاڵبوونی 8 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری ئەو وڵاتە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی تەواوکاری یان هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات. بۆ ئەم مەبەستەش دەستی بە سەردانکردنی پارتە سیاسییەکان کردووە. 
 
پارتەکان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر ئەو پرسە هەیە. یەکەم سەردانی ئۆزەل لە 6-4-2026 بوو بۆ لای دەم پارتی. تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی ئەو پارتە سەبارەت بەو ویستەی جەهەپە رایگەیاند: "ئەگەر کۆمەڵگە چاوەڕوانییەکی لەو جۆرەی هەبێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئێمە وەک دەم پارتی ئەو پەیامە وەردەگرین و ئامادەین".
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکەکەی دیکەی دەم پارتی سەبارەت بەو داواکارییەی جەهەپە رایگەیاند: "مافی رەوای هەر پارتیکی سیاسییە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات. ئێمە وەک دەم پارتی لە هەموو پارتە سیاسییەکانی تورکیا زیاتر ئامادەین بۆ هەڵبژاردن". 
 
رۆژی 9-4-2026 عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) لە وەڵامی داواکارییەکانی ئۆزەل رایگەیاند: "جەهەپە لە دۆخێکی خراپدایە. ئێمە هیچ ترسێکمان لە سندووقی دەنگدان نییە. بەڵام دەبێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێ. بانگەوازەکەی ئۆزەل بۆ هەڵبژاردن نادروستە."
 
ئۆزەل، رۆژی 9-4-2026 سەردانی هەریەک لە پارتەکانی ئیی پارتی، پارتی داهاتوو ، پارتی سەرلەنوێ رەفاهی کرد. موساوات دەرڤیشئۆغلۆ، سەرۆکی ئیی پارتی دوای سەردانەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "تورکیا پێویستی بە هەڵبژاردنی پێشوەختەیە". 
 
فاتیح ئەرباکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوی رەفاه دەڵێ: "ئەگەر بابەتی هەڵبژاردنی تەواوکاری هاتە پێشەوە، ئێمە وەک بەشێک لە نەریتی دیدگای نیشتمانی کە هەمیشە پابەندین بە دەستوور و یاساوە، بۆیە دەتوانم ئەوە بڵێم کە گونجاوە هەڵبژاردنی تەواوکاری بۆ هەشت کورسییە بەتاڵەکەی پەرلەمان بکرێ". 
 
نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە وەڵامی ئۆزەل دا رایگەیاند: "دەستوور بە روونی باسی ئەو مەرجانە دەکات کە دەتوانرێ هەڵبژاردنی تەواوکاری ئەنجام بدرێ و چۆن دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی پەرلەمان قبووڵ بکرێ. دەسەڵاتی بڕیاردان لەسەر ئەم بابەتە لە ئەستۆی ئەنجوومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیایە (پەرلەمان). رێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی تەواوکاری لە دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆدا دیاری کراوە". 
 
رەجەت تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 7-4-2026 هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەو داواکارییەی جەهەپە گوتی: "هەڵبژاردنی پێشوەختە یان هەڵبژاردنی تەواوکاری لە داهاتوویەکی نزیکدا نە لە کارنامەی حکومەتەکەمان و نە میللەتەکەماندا نییە".
 
بەپێی مادەی 78 لە دەستووری تورکیا، ئەگەر 5٪ی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان (30 کورسی لە کۆی 600 کورسی) بەتاڵ بن، تورکیا دەکرێ بچێتە هەڵبژاردنی تەواوکارییەوە و ئەو کاتە هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێ. ئێستا تەنیا 8 کورسی پەرلەمان بەتاڵن. جەهەپە پێویستە بە رازیکردنی 22 پەرلەمانتاری دیکەیە بۆ ئەوەی پەرلەمانیی تورکیا بەرەو هەڵبژاردنی تەواوکاری ببات. هەر بەپێی هەمان مادەی دەستوری، ئەگەر 30 مانگ  بەسەر هەڵبژاردن رەت نەبێت، یان 12 مانگ کەمتر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن مابێت، ئەوکاتە ناتواندرێت هەڵبژاردنی تەواوکاری ئەنجام بدرێت. 
 
لە 1982 هاوکات لەگەڵ نووسینەوەی دەستوری ئێستای تورکیا تا ئێستا تەنیا دوو جار تورکیا هەڵبژاردنی تەواوکاری ئەنجامداوە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1983 و جاری دووەم لە ساڵی 2003 ئەنجام دراوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە