رووداو دیجیتاڵ
بولەنت ئارنچ، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتی و سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، رەخنە لە پێشنیارەکەی دەوڵەت باخچەلی دەگرێت و دەڵێت، پێش ئەوەی باس لە پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکرێت، پێویستە کێشەی ئەو کەسانە چارەسەر بکرێت کە بە "بڕیاری سیاسی" لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.
بولەنت ئارنچ، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی تورکیا، لە کۆنفرانسێکدا لە ئەنقەرە لە ژێر ناوی "پەیوەندی نێوان ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسەت" گوتارێکی پێشکێش کرد و تیشکی خستە سەر پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لەو وڵاتەدا.
ئارنچ لە وەڵامی داواکارییەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە داوای کردبوو ئۆجەلان وەک "رێکخەری پڕۆسەی ئاشتی" بناسرێت، گوتی: "هەندێک کەس کە بە فەرمان لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە دوای هەوڵی کودەتاکەی 15ـی تەمموزی 2016، بێکار بوون و بەدوای چاکسازیدا دەگەڕێن؛ ئەوانەی ئێستا بەدوای پێگەی یاسایی دەگەڕێن بۆ ئۆجەلان، پێویستە سەرەتا کێشەی ئەم خەڵکە چارەسەر بکەن."
ئارنچ جەختی لەوە کردەوە کە دیموکراسی زەمینەی هاوبەشی هەمووانە و گوتی: "پێویستە کێشەکان لە کاتی خۆیاندا چارەسەر بکرێن پێش ئەوەی ببنە کێشەی درێژخایەن. دەبێت دیموکراسی لەگەڵ بنەماکانی کۆماریدا تێکەڵ بکەین بۆ ئەوەی فۆرمێکی باشی حکومڕانی دروست بکەین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بولەنت ئارنچ هێرشی کردە سەر تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە و رایگەیاند، دەبووایە بەهۆی لێدوانەکانییەوە وەک "کەسی نەخوازراو - Persona Non Grata" بناسێنرایە و دیپۆرت بکرایەتەوە، بەڵام "لە ترسی کاریگەریی دەسەڵاتی ترەمپ و ئەمریکا ئەو هەنگاوە نەنراوە."
ئەم رەخنانەی ئارنچ دوای ئەوە دێن کە تۆم باراک لە مانگی نیسانی 2026 لە کۆڕبەندی ئەنتاڵیا رایگەیاندبوو، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە سیستەمی پاشایەتی یان "سەرکردایەتیی بەهێز" هەیە. ئارنچ لەو بارەیەوە گوتی: "باڵیۆزێک وا بە ئاسانی لەنێو تورکیا ئەو قسانە دەکات و دەرناکرێت، ئەمە پیشاندەری کاریگەریی دەسەڵاتی ئەمریکایە بەسەر تورکیادا."
بولەنت ئارنچ کە یەکێکە لە کارەکتەرە دیارەکانی دامەزرێنەری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، زۆرجار بە لێدوانە جیاواز و رەخنەییەکان لە نێوخۆی پارتەکەیدا دەبێتە جێگەی سەرنجی میدیاکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ