ئاکپارتی مەرجی بۆ پەکەکە هەیە و دەیەوێت کەناڵەکانی پەیوەندی بۆ ئۆجەلان بکاتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی ناوی "تورکیای بێ تیرۆر"یان لێنراوە، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) مەرجی چەکدانانی پەکەکە دەخاتە پێش هەنگاوە یاساییەکان و نایەوێت "پێگەی یاسایی" بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بدات، بەڵکو بیر لە ئاسانکاری بۆ پەیوەندییەکانی دەکاتەوە.
 
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "تورکیا" کە لە ئاکپارتییەوە نزیکە، گفتوگۆکان لەبارەی داهاتووی پڕۆسەکە و پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا گەرم بووە. ئاکپارتی پێیوایە هەر هەنگاوێکی یاسایی پێش پشتڕاستکردنەوەی چەکدانانی پەکەکە، کارێکی مەترسیدارە.
 
"پەکەکە کۆگاکانی چەکی چۆڵ نەکردووە"
 
سەرچاوەکانی نێو ئاکپارتی ئاماژە بەوە دەکەن، تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی حکومەتدا رووی نەداوە. ئەو سەرچاوانە دەڵێن: "پەکەکە کۆگاکانی چەک و ئەشکەوتەکانی چۆڵ نەکردووە. هەندێک گرووپ لەناو پەکەکەدا دژی چەکدانانن و پڕۆسەکە درێژ دەکەنەوە. ئێمە لەسەر بنەمای ئەگەرەکان هەنگاوی یاسایی نانێین تاوەکو دڵنیا نەبینەوە کە چەکیان داناوە."
 
لەبارەی داواکارییەکانی دەم پارتی بۆ دەرکردنی یاسای نوێ بۆ گەڕانەوەی گەریلاکان، ئاکپارتی پێیوایە یاساکانی ئێستا رێگ خۆشکەرن و دەڵێن: "ئەوانەی تاوانیان نەکردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە، دەتوانن بگەڕێنەوە؛ ئەگەر تاوان نەبێت، سزاش نابێت."
 
پێگەی ئۆجەلان؛ تەنیا ئاسانکاریی پەیوەندی
 
دوای پێشنیازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، بۆ ئەوەی ئۆجەلان وەک "رێکخەری پڕۆسەکە" بناسێنرێت، دەنگۆی پێدانی پێگەی یاسایی پێی بڵاوبووەوە. بەڵام سەرچاوەکانی ئاکپارتی ئەو هەنگاوە رەتدەکەنەوە و دەڵێن: "ناتوانرێت پێگەی یاسایی بدرێتە کەسێک کە سزای زیندانیی تاهەتایی قورسی بەسەردا سەپێنراوە."
 
لەبەرامبەر پێدانی پێگەی یاسایی، ئاکپارتی بیر لە چەند بژاردەیەکی دیکە دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئۆجەلان رۆڵی لە پڕۆسەکەدا هەبێت، لەوانە:
 
- باشترکردنی بارودۆخی ژیانی لە زیندانی ئیمراڵی.
- رێگەدان بە پەیوەندیی راستەوخۆی ئۆجەلان لەگەڵ قەندیل.
-  کردنەوەی رێگە بۆ دیداری گرووپە جیاوازەکانی وەک رۆژنامەڤانان و ئەکادیمییەکان لەگەڵ ئۆجەلان.
 
ئەم کێشماکێشە لە کاتێکدایە، دەم پارتی و پەکەکە داوا دەکەن سەرەتا هەنگاوە یاساییەکان بنرێن، بەڵام ئەنقەرە جەخت لەسەر "سەرەتا چەکدانان، پاشان یاسا" دەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە