رووداو دیجیتاڵ
پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی لە هاویندا کە پەرلەمانی تورکیا پشوو وەردەگرێت، بەردەوام دەبێت لە کارەکانی لەسەر داڕشتنی دەستووری نوێ و چاکسازی لە یاسای ئیدارەی خۆجێیی و یاسای جێبەجێکردنی سزا.
پەرلەمانی تورکیا هەموو ساڵێک لە 1ی تەممووز پشوو دەبێت و لە 1ی تشرینی یەکەم دەست بە کارەکانی دەکاتەوە.
بەگوێرەی میدیای تورکیا، ئاکپارتی لە هاویندا بەردەوام دەبێت لە کارەکانی لەسەر داڕشتنی دەستووری نوێ و چاکسازی لە یاسای ئیدارەی خۆجێیی و یاسای جێبەجێکردنی سزا. پێشبینی دەکرێت ئاکپارتی دوای کردنەوەی پەرلەمان، یاسای گشتگیر لەسەر ئەو بابەتانە پێشکێشی پەرلەمان بکات.
یاسای شارەوانی و ئیدارەی خۆجێیی هەموار دەکرێتەوە
بەپێی یاسا نوێیەکە، ئەرک و دەسەڵاتی شارەوانییەکان پێناسە دەکرێنەوە و پێگەی شارەوانیی گەورەشارەکان، شارۆچکە، قەزاکان، گوند و گەڕەک نوێ دەکرێنەوە. هەروەها پێوەرەکانی بەپارێزگاکردن دەگۆڕدرێن و دەسەڵاتی قایمقامیەتەکان و دامودەزگا ئیدارییە تایبەتەکانی سەر بە قایمقامیەت زیاد دەکرێن.
یاسای جێبەجێکردنی سزاکان فراوانتر دەکرێت
یاسای جێبەجێکردنی سزاکان، کە پێشتر نەخۆش، بەساڵاچوو، ژن و منداڵی زیندانی لەخۆدەگرت، بەڵام سنووردار بوو، لەگەڵ یاسا نوێیەکەدا فراوانتر دەکرێت. یاسا نوێیەکە پێوەرەکانی ئازادکردنی مەرجدار مۆدێرن دەکات، یەکسانی سزا قبووڵ دەکات و ماوەی دادگاییکردن کورت دەکاتەوە. بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئەم یاسایە، کە دەبێتە بنەمای پڕۆسەی چارەسەری، بخرێتە بەردەم پەرلەمان.
لە هاویندا نەخشەڕێگەی دەستوور دیاری دەکرێت
کۆمسیۆنی 11 کەسیی دەستوور کە بە سەرۆکایەتی جەودەت یڵماز یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا دامەزرا، لە مانگەکانی هاویندا کۆبوونەوەکانی ئەنجام دەدات و نەخشەڕێگەی نووسینەوەی دەستوور دیاری دەکات. هەروەها بڕیارە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەشداری لە هەندێک کۆبوونەوەی هەستیاری کۆمسیۆنەکەدا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ