تورکیا کوژرانی دوو سەربازی خۆی لە هەرێمی کوردستان رادەگەیێنێت

10-07-2023
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتال

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 09-07-2023 لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی دوو سەربازی سوپاکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، دوو سەربازی گرێبەست بە ناوەکانی حەسەن تاش و فورقان گونەرگۆک لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ تەقەیان لێکراوە و بە سەختی بریندار بوون. دوای ئەوەی گواستراونەتەوە بۆئەوەی چارەسەر بکرێن، گیانیان لەدەستداوە.
 
هەروەها رۆژی 29ی حوزەیرانی 2023 ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هەپەگە رایگەیاند، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە هێرشیان کردووەتە سەر کاروانێکی سەربازیی سوپای تورکیا لە ناوچەی زاپ و لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەیەکی سەختدا سێ سەرباز کوژراون و سێ گەریلاش، کە دووانیان دوای ئەوەی بە سەختی برینداربوون، گیانیان لەدەستدا.
 
لە راگەیێندراوەکەی هەپەگە جەخت لەوەش کراوەتەوە، سوپای تورکیا لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، تۆپهاوێژ و فڕۆکە جەنگییەکانیەوە، پێگەکانی پەکەکە لە ناوچە جیاوازەکانی زاپ، مەتین، خواکوڕک، ئامێدی و ئاڤاشین بۆردوومان دەکەن.
 
بەرەبەیانی رۆژی 18ی نیسانی 2022 ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 574 گەریلا و کوژرانی 88 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی دوو هەزار و 932 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 340 گەریلای راگەیاندووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە