رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە رایگەیاند، مانگی داهاتوو کۆنفڕانس دەکەن و دواتریش لە مانگی ئەیلوولدا کۆنگرە دەبەستن.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە لە بارەگای پارتەکە کرا، ئێبرو گونای، گوتەبێژی هەدەپە سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە دوای تەواوبوونی پرۆسەی نوێبوونەوە و گۆڕانکاری، کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندن و راوێژکاری بەرفراوانیان کردووە.
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی پارتەکە گونای گوتی: "کۆبوونەوەکان بە بەشداری تەواوی چین و توێژەکان لە هەشت ناوچە دەستیان پێکردووە و تاوەکو 25ی تەممووز بەردەوام دەبن. لەو کۆبوونەوانەدا بە راشکاوی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی هەدەپە دەکرێت و رەخنەی لە هەڵەکانی دەگیرێت".
گوتەبیژی هەدەپە راشیگەیاند دوای تەواوبوونی پرۆسەی نوێبوونەوە و گۆڕانکاری دوای دەرچوونی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، مانگی داهاتوو کۆنفرانس دەکەن و بە دوای ئەویشدا لە مانگی ئەیلوولدا کۆنگرە دەبەستن.
دامەزراندن و کۆنگرەکانی هەدەپە
هەدەپە 15-10-2012 بە فەرمی دامەزرا. هەریەک لە فاتما گۆک و یاڤوز ئۆنەن هاوسەرۆکانی گشتیی پارتەکە بوون.
کۆنگرەی یەکەم: رۆژی 27-10-2013 یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی لە ئەنقەرە بەڕێوەبرد. هەریەک لە سەباحەت تونجەل و ئەرتوغرەڵ کورچوک بە هاوسەرۆکانی گشتیی هەدەپە هەڵبژێردران.
کۆنگرەی دووەم: رۆژی 22-6-2014 دووەمین کۆنگرەی ئاسایی هەدەپە هەر لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، کە تێیدا فیگەن یوکسەکداغ و سەلاحەددین دەمیرتاش بە هاوسەرۆکانی گشتیی پارتەکە هەڵبژێردران. لەو کۆنگرەیەدا حیزبەکانی باشووری کوردستانیش ئامادەبوون، کەمال کەرکوکی وەکو نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەعفەر ئیبراهیم، جێگری ئەوکاتی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەکەدا ئامادەبوون.
کۆنگرەی سێیەم: سێیەمین کۆنگرەی ئاسایی هەدەپە رۆژی 11-2-2018 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. لەو کۆنگرەیەدا پەروین بوڵدان و سەزایی تەمەللی بە هاوسەرۆکانی گشتیی پارتەکە هەڵبژێردران.
کۆنگرەی چوارەم: چوارەمین کۆنگرەی هەدەپە رۆژی 23-2-2020 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، لەو کۆنگرەیەدا پەروین بوڵدان دووبارە بە هاوسەرۆکی گشتی هەڵبژێردرایەوە و میتحەت سانجار لە شوێنی سەزایی تەمەللی وەکو هاوسەرۆکی گشتی هەڵبژێردرا.
کۆنگرەی پێنجەم: تەمموزی 2022 هەدەپە کۆنگرەی پێنجەمی بەست کە تێیدا هەریەک لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار بە هاوسەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ