تورکیا چەند لە رێڕەوی ترەمپ و كاریگەرییەكانی قازانج دەکات؟

10-08-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بە نێوەندگیریی ترەمپ، ئەرمینیا و ئازەربایجان کۆتاییان بە جەنگی 40 ساڵەی نێوانیان هێنا و رێڕەوێکی ستراتیژییان کردەوە کە هەژموونی ئەمریکا لە قەوقاز بەهێزدەکات و سوودی ئابووری زۆر بە تورکیا دەگەیێنێت.
 
دوای چل ساڵی پڕ لە شەڕ و ناکۆکی، بە نێوەندگیریی ئەمریكا، ئازەربایجان و ئەرمینیای دراوسێ رێككەوتنی ئاشتییان واژۆكرد. بەمەش ناوی رێڕەوی زەنگەزور، گۆڕدرا بۆ رێگەی نێودەوڵەتیی ترەمپ بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی.
 
لە ماوەی رابردوودا بە ھۆی ناكۆكییەكانی قەرەباخ و رێڕەوی زەنگەزور، ئەو دوو وڵاتە چەندین جار بە نێوەندگیریی مۆسکۆ کۆبوونەوە، بەڵام ھیچ كام لە كۆبوونەوەكان ئەنجامی ئەرێنییان نەبوو.
 
رێگەی ترەمپ لە ناخچیڤانی سەر بە ئازەربایجان کە سنووری لەگەڵ توركیاش هەیە دەست پێدەکات و بە نێوەڕاستی باشووری ئەرمینیا لە زەنگەزور تێدەپەڕێت و ناوچەكە بە باکوی پایتەختی ئازەربایجان دەبەستێتەوە.
 
ئازەربایجان و ناخچیڤان 32 کیلۆمەتر لە یەكدی دوورن و خاکی ئەرمینیا ئەو دوو بەشە لە یەکدی جیا دەكاتەوە؛ واتە ئازەربایجان سنوورێکی راستەوخۆی لەگەڵ ناخچیڤان نییە. ئەم رێڕەوە بۆ باکوو بەستنەوەیەکی راستەوخۆی نێوان خاكەكەی و ناخچیڤانە. بەمەش توركیا و ئازەربایجان لەڕووی رێڕەوی بازرگانییەوە بەیەكدی دەبەسترێنەوە.
 
رێڕەوەکە ئازەربایجان دەکاتە ناوەندێکی لۆجستیکی جیهانیی بەهێز
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، رێگەی TRIPP لە چوارچێوەی یاساکانی ئەرمینیا کاری لەسەر دەکرێت و لە ژێر چاودێری ئەمریکا بەڕێوە دەبرێت.
 
رێككەوتنەكە رێگە خۆشدەكات بۆ سەرلەنوێ دانانی رێڕەوی ئاسنین، بۆڕی نەوت و گواستنەوەی ھێڵی فایبەر ئۆپتیک لە نێوان ھەرێمەكاندا. ھاوكات ئامانجێكی سەرەكیی دیكەی ئەم رێككەوتنە كەمكردنەوەی ھەژموونی رووسیایە لە ناوچەكانی باشووری قەوقاز و بەھێزكردنی پێگەی ئەمریكایە. 
 
زەنگەزور؛ ناكۆكییەكی سەدان ساڵە
 
ناوچەی زەنگەزور کە دەكەوێتە باشووری ئەرمینیا، لە باکوورەوە لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی ئەرمینیا، لە رۆژئاواوە لەگەڵ ناخچیڤانی ئازەربایجان و لە باشوورەوە لەگەڵ ئێران هاوسنوورە.
 
دوای رووخانی ئیمپراتۆریی رووس ناوچەکە بووە گۆڕەپانی شەڕ لە نێوان هێزەکانی ئەرمەن و ئازەری. لە سەردەمی یەكێتی سۆڤیەتیشدا زەنگەزور بە ئەرمینیاوە، ناخچیڤانیش بە ئازەربایجانەوە لکێندرا.
 
دوای ئەو رێككەوتنە، ناخچیڤان لە خاكی ئازەربایجان جیاكرایەوە. زەنگەزوور لە رێی رێڕەوی ئاسنی و وشكانییەوە ئازەربایجان و ناخچیڤان بەیەكدی گرێ دەدات. لە سەردەمی یەكێتیی سۆڤیەتدا سنوورە ناوخۆییەکان لە رووی سیاسییەوە گرنگیان نەبوو، بۆیە ھاتوچۆكردن لە نێوان ئەو دوو بەشەدا وەكو دوای رووخانی یەكێتیی سۆڤیەت ھۆكاری ناكۆكییەكیی گەورە نەبوو. 
 
دوای رووخانی یەكێتیی سۆڤیەت کێشەی قەرەباخ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا سەریھەڵدا و هەردوولا ماوەی نزیكەی 40 ساڵ لە جەنگدا بوون.
 
ساڵی 1992 رێگاكە داخرا و ئازەربایجان تەنیا لەڕێیی ئێرانەوە دەیتوانی كاڵا و شتومەك بۆ ناخچیڤان بنێرێت.
 
شەڕی 2020 و پلانی كردنەوەی رێگەكە
 
لە جەنگی دووەمی قەرەباخ لە ساڵی 2020دا، ئازەربایجان بە پشتگیریی توركیا بەسەر ئەرمینیادا سەرکەوت. دوای چەندین مانگ لە شەڕێكی قورسی نێوان ئەم دوو وڵاتە بە نێوەندگیریی رووسیا ئاگربەست راگەیێندرا و رێككەوتن لە نێوانیاندا واژۆ کرا.
 
لە ئەیلوولی 2023دا ئازەربایجان بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تەواوی قەرەباخی كۆنترۆڵ كرد. دوای ئەم پێشڕەوییانەی ئازەربایجان ھەر زوو بابەتی رێرەوی زەنگەزوری وروژاند و ھەوڵەكانی بۆ كردنەوەی رێگاكە دەستپێكرد. ئەرمینیاش ترسی لە كۆنترۆڵكردنی رێرەوەكە ھەبوو لەلایەن ھێزەكانی ئازەربایجانەوە بۆیە داوایكرد وڵاتانی رۆژئاوا بێنە سەر ھێڵ. 
 
نێوەندگیریی ئەمریکا
 
ئەرمینیا و ئازەربایجان بە نێوەندگیریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، 'پەیماننامەی ئاشتی'یان واژۆ کرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی چەند دەیەی نێوانیان. هاوکات سەرۆکی هەردوو وڵاتەکە ترەمپ بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەربژێر دەکەن.
 
ترەمپ رۆژی هەینی 8ی ئابی 2025 رایگەیاند، هەردوو وڵاتەکەی قەوقازی باشوور پابەندن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی.
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "ئەرمینیا و ئازەربایجان پابەندن کە بۆ تاهەتایە جەنگ بوەستێنن و پەیوەندیی بازرگانی، گەشتیاری و دیپلۆماسیی نێوانیان بونیات بنێن و رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکدی بگرن."
 
ئازەربایجان و ئەرمینیا ترەمپ بۆ نۆبڵی ئاشتی بەربژێر دەکەن
 
ترەمپ هەروەها دڵنیایی دا لەوەی، گەمارۆی چەکی ئەمریکی لەسەر ئازەربایجان هەڵدەوەشێنێتەوە کە دوای وەرگرتنی سەربەخۆیی لە ساڵی 1992ـەوە بەسەریدا سەپێندرابوو. 
 
هاوکات ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان گوتی، پێکەوە لەگەڵ ئەرمینیا نامەیەکی هاوبەش بۆ لیژنەی نۆبڵی ئاشتی دەنێرن، بۆئەوەی خەڵاتەکە بە ترەمپ بدەن. 
 
سەرۆککۆماری ئازەربایجان لە کۆشکی سپی گوتی، "رەنگە لەگەڵ سەرۆکوەزیران نیکۆل پاشنیان رێکبکەوین داواکارییەکی هاوبەش بنێرین بۆ لیژنەی نۆبڵ، بۆئەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە سەرۆک ترەمپ بدەن."
 
پاشنیان گوتی، "پێموایە سەرۆک ترەمپ شایستەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە و ئێمە داکۆکی لەوە دەکەین."
 
هەردوو وڵات نزیکەی چوار دەیە لە ناکۆکیدا بوون و بۆ کۆنترۆڵکردنی هەرێمی قەرەباخ، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بە ناگۆرنۆ-قەرەباخ ناسراوە، چەند جارێک جەنگی خوێناوییان کردووە. 
 
دیمۆگرافیای قەرەباخ
 
ئەو ناوچەیە لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا زۆربەی دانیشتووانەکەی ئەرمەن بوون، بەڵام دەکەوێتە چوارچێوەی خاکی ئازەربایجانەوە. 
هەردوو وڵات ماوەی دەیان ساڵ لەپێناویدا لە شەڕ و پێکدادان دا بوون. ئەو دۆخە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس، شەڕیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە کرد. لە کاتێکدا هەوڵەکانی نێوەندگیریی نێودەوڵەتی شکستیان هێنا.
 
لە دوایین پێشهاتدا، ئازەربایجان لە ساڵی 2023 هەموو قەرەباخی کۆنترۆڵکردەوە و لەگەڵ ئەرمینیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەستی بە گفتوگۆ کرد. 
سووربوونی ئازەربایجان لەسەر کردنەوەی رێڕەوێکی وشکانی بۆ ناخچیڤان خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکی بوو، چونکە لە کاتێکدا ئازەربایجان متمانەی بە ئەرمینیا نەبوو بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو رێڕەوە کە بە "رێڕەوی زەنگەزور" ناسراوە، ئەرمینیاش دژی ئەوە بوو لایەنێکی سێیەم کۆنترۆڵی بکات چونکە ئەمەی بە پێشێلکردنی سەروەریی خۆی دەزانی.
 
بەڵام بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکی، ئەوەی وای لە ئەرمینیا کردووە ئێستا رازی بێت، بریتییە لە هیوای پتەوکردنی پەیوەندیی دووقۆڵی لەگەڵ ئەمریکا، هەروەها توانای هاتوچۆی ئازادانەتر بۆ نێوەوە و دەرەوەی ئەرمینیا، بێ ئەوەی پێویستی بەوە بێت بە نێو خاکی جۆرجیا یان ئێراندا بڕوات. لەکاتێکدا  ئەرمینیا هەر چوار لای وشکانییە. 
 
هەڵوێستی مۆسکۆ یەریڤانی تووڕەکرد
 
رووسیا دەستەوەستان بوو کاتێک ئازەربایجان لە هێرشەکەی ئەیلوولی 2023دا کۆنترۆڵی قەرەباخی کردەوە، ئەمەش ئەرمینیای تووڕە کرد، کە هەنگاوی ناوە بۆ رزگاربوون لە کاریگەریی رووسیا و رووکردنە رۆژئاوا.
 
ئازەربایجان، کە بە سەرکەوتنەکەی لە قەرەباخ بوێرتر بووە، لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆدا زیاتر سەرکێشی دەکات.
 
رێككەوتنەكە چ جیاوازی لەگەڵ پلانی رێڕەوی زەنگەزور ھەیە؟
 
پلانی رێڕەوی زەنگەزور كە بە نێوەندگیریی رووسیا لە 2020دا ئامادەكرابوو، لە رووی یاساییەوە مافی بەكارھێنانی رێرەوەكەی لەلایەن ئەرمینیاوە سنورداركردبوو، بەڵام رێككەوتنەكەی 8ی ئاب مافی زیاتر بۆ ئەو وڵاتە دەگەڕێنێتەوە. 
 
ھەروەھا ساڵی 2020  پلان ئەوە بوو ئاسایشی رێڕەوەکە لەلایەن یەکەکانی سنووری FSBی رووسیاوە دابین بکرێت. بەڵام بەپێی رێككەوتنە نوێكە ئەم ئەرکە دەدرێتە هێزەكانی ئەمنییەكانی ئەرمینیا.
 
لە رێکەوتنی پێشوودا پلانەکانی بەڕێوەبردنی رێڕەوەکە لە بەرپرسیارێتی ئازەربایجان/توركیا و رووسیا بوو. بەڵام ئەو ئەركە ئێستا لە ئەستۆی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادایە. 
 
كەمبوونەوەی ھەژموونی رووسیا
 
رێڕەوی TRIPP زیانێکی گەورەی جیۆپۆلیتیکی بە رووسیا دەگەیێنێت؛ چونکە رۆڵی رووسیا لە گواستنەوەی نێوان ئازەربایجان - ئەرمینیا نامێنێت. درز تێكەوتنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران پێگەی گەڕانتۆری رووسیا لاوازتر دەكات.
 
پلانی رێڕەوی زەنگەزور وەک ئامرازێک بۆ دووبارە دروستكردنەوەی ھەژموونی رووسیا لە ناوچەكەدا دەبینرا بە تایبەتی دوای نەمانی یەكێیی سۆڤیەت. بەڵام رێككەونتی ئازەربایجان و ئەرمینیا بۆ كردنەوەی رێڕەوی TRIPPھەژموونی ئەمریکا لە ناوچەكەدا زیاد دەكات و رووسیاش زیاتر لە نێو سنوورەكانی خۆیدا قەتیس دەكات. 
 
رۆژنامەی واشنتن پۆست و تایم ئاماژە بەوە دەكەن ئەم رێككەوتنە گورزێك لە ھەژموونی ئێران و رووسیا دەوەشێنێت. ھەروەھا تواناكانی مۆسكۆ و تاران لە نەوچەكەدا سنووردار دەكات.
 
پێکدادانی دیپلۆماتیک لەگەڵ ئێران
 
هەوڵەکانی رووسیا بۆ پشتگیریکردنی رێڕەوی زەنگەزور لە ماوەی رابردوودا ببووە ھۆكاری ناكۆكی نێوان تاران و مۆسكۆ. دەسەڵاتی تاران پێیانوابوو ناڕاستەوخۆش بێت سنوورەكانی دەكەوێتە ژێر ھەرەشە بۆیە بە توندی دژی ئەم پلانەی رووسیا بوو. 
 
مۆسكۆ لەڕێی ھەوڵە دیبلۆماسیەكانیەوە بەرپرسانی ئێرانی رازیكرد. ئەمەش لە كاتێكدا بوو كە ئێرانیش تا رادەیەك بەھۆی ئاڵۆزییەكانی لەگەڵ ئێسرائیل و ئەمریكا ناچاربوو بە داواكارییەكانی مۆسكۆ رازیبێت. 
 
چۆن کاریگەری لەسەر توركیا دەبێت؟
 
رێڕەوی زەنگەزوری كۆن و رێڕەوی TRIPPــی نوێ بۆ توركیا لە رووی ستراتیژیەوە گرنگییەكی زۆری ھەیە. رێككەوتنەكە پێگەی توركیا بەھێز دەكات، بە جۆرێك رۆڵی رێگەی ناوەندی (Middle Corridor) پێدەدات؛ واتا توركیا دەبێتە گرنگترین رێگەی ترانسیتی بازرگانی و وزەی ناوچەكە بۆ وڵاتانی ئەورووپا. 
 
ئێستا بازرگانی و گواستنەوەی توركیا - ئازەربایجان لە رێگەی ئێران و جۆرجیاوە دەکرێت. دوای جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە و كردنەوەی رێگەی ترەمپ ھەژموونی ئێران كەمدەكاتەوە، رێگەكە كورت دەكاتەوە و تێچووی گواستنەوەش بەرێژەیەكی بەرچاو كەم دەكاتەوە. 
 
بەگوێرەی شیکاریی Bytes Europe، ئەم رێڕەوە توانای توركیا لەڕووی دەستخستنی پانتایی زیاتری بازرگانی و وزە لە نێوان رۆژهەڵات و ئەورووپادا زیاد دەکات. ئەمەش وا دەكات توركیا ساڵانە 10 بۆ 15 ملیار دۆلار داهاتی گواستنەوەی دەستبكەوێت. 
 
بەپێی شیکاریی PISMی ناوەندی پۆڵۆنیاش رێڕەوەکە کاریگەریی توركیا لە باشووری قەوقازدا زیاد دەکات، بەڵام ئەم دۆخە لەوانەیە بببێتە هۆی دروستکردنی پشێوی لە نێوان ئەنقەرە و تاران.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە