هێڵی ئاسمانیی تورکیا بەهۆی کەشوهەوا 54 گەشتی هەڵوەشاندەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێڵی ئاسمانیی تورکیا (THY) رایگەیاند، بەهۆی خراپیی کەشوهەوا، 54 گەشتی هاتن و چوون لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ هەڵوەشێندرانەوە.
 
یەحیا ئوستوون، راوێژکاری راگەیاندنی هێڵی ئاسمانیی تورکیا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، "بەهۆی ئەو کەشوهەوا نالەبارەی کە پێشبینی دەکرێت رۆژی دووشەممە، 12ی کانوونی دووەم لە ئیستەنبووڵ هەبێت، بە بڕیاری لیژنەی باری لەناکاوی کەشناسی (MADKOM)، گەشتە ئاسمانییەکان سنووردار دەکرێن."
 
ئوستوون هەروەها گوتی، "بەم هۆیەوە 54 گەشتی هاتن و چوونمان لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ بۆ رۆژی 12ی کانوونی دووەم هەڵوەشێندرانەوە."
 
هەر ئەمڕۆ بەهۆی نالەباری کەشوهەوا کە کاریگەریی لەسەر سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان داناوە، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئامەد و ئیستەنبووڵ هەڵوەشێنرایەوە. 
 
ئەو گەشتیارانەی بڕیار بوو بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 11 ـی کانوونی دووەمی 2026 لە ئامەدەوە بۆ فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەنی ئیستەنبووڵ گەشت بکەن، جارێکی دیکە تووشی سوپرایزی "هەڵوەشاندنەوە" بوونەوە.
 
چاوەڕوان دەکرێت دوای ئاساییبوونەوەی کەشوهەوا، گەشتەکانی ئامەد دووبارە خشتەیان بۆ دابنرێتەوە. ئامۆژگاریی گەشتیاران کرا بۆ ئەوەی تووشی کێشە نەبن، بەدواداچوون بۆ راگەیێندراوەکانی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە