وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت سوورین لەسەر سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی تورکیا، لەبارەی هەوڵەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری کە دەسەڵات بە "تورکیایەکی بێ تێرۆر" دەیناسێنێت، رایگەیاند، "لەمەودواش بە ئامانجی تورکیایەکی زۆر بەهێزتر و گەشەسەندوو، بەبێ ئەوەی رێگە بە هیچ پروپاگەندە و قۆستنەوەی دۆخێک بدەین، سوورین لەسەر ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتوویی بگەیێنینە ئەنجام." 
 
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، یاشار گولەر، بەشداریکرد لە بەربانگی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ کەسوکاری "شەهیدانی تورکیا" کە لە باڵەخانەی پەرلەمان رێکخرابوو. 
 
یاشار گولەر، لە گوتارێکیدا ئاماژەی بە پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی: "لەم قۆناخە هەستیارەدا، بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ و پتەوکردنی برایەتی و یەکڕیزی، بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە لەسەر شانمان بۆ ئەوەی کاریگەریی رۆژ لە دوای رۆژ زیاتری وڵاتەکەمان لە ناوچەکە و جیهاندا بۆ ئاستێکی بەرزتر ببەین. لەم چوارچێوەیەدا، دەوڵەتمان پرۆسەی 'تورکیای بێ تێرۆری' دەستپێکردووە بۆ رزگارکردنی وڵاتەکەمان لە بەڵای تێرۆر کە 40 ساڵە بەردەوامە. ئەگەر ئەمڕۆ لە پرۆسەیەکی مێژواییداین و بە هەنگاوی بەرجەستە بەرەو ئامانجەکەمان دەڕۆین، ئەوە پێش هەموو شتێک بەهۆی خەباتی قارەمانانە و فیداکاریی شەهیدەکانمانە." 
 
وەزیری بەرگریی تورکیا جەختی لەوە کردەوە، "لە کاتی بەڕێوەبردنی پرۆسەی 'تورکیای بێ تێرۆر'دا، هیچ هەنگاوێک نەنراوە و نانرێت کە رۆحی پیرۆزی شەهیدەکانمان ئازار بدات و زیان بە شکۆ و قوربانیدانی کەسوکارەکانیان بگەیەنێت." 
 
گوتیشی: "لەمبارەیەوە زۆر هەستیارین و پرۆسەکە بە نەریتی دێرینی دەوڵەتداری و ئەزموونی دەوڵەمەندمان بە شێوەیەکی شەفاف بەڕێوەدەبەین. هاوکات، زۆر دڵخۆشین بەو پشتیوانییە بەهێزەی ئێوەش پێشکێشی ئەم پرۆژە مێژووییەتان کردووە. ئەم پەرلەمانە کە ئێستا لەژێر چەترەکەیدا کۆبووینەتەوە و شوێنی دەرکەوتنی ئیرادەی گەلە، لە رۆژی یەکەمەوە ئەرکێکی ژیانی لە ئەستۆ گرتووە بۆ کاراکردن و سەرخستنی پرۆسەکە." 
 
گولەر، باسی لەوەشکرد کە بە دڵخۆشییەوە چاودێریی کارەکانی لیژنەی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمان دەکەن کە بۆچوونی هەموو لایەنەکان وەردەگرێت. "بڕوای تەواومان هەیە ئەو راپۆرتەی لە رۆژانی رابردوودا بڵاویکردەوە، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پرۆسەکە دەبێت. لەمەودواش بە ئامانجی تورکیایەکی زۆر بەهێزتر و گەشەسەندوو، بەبێ ئەوەی رێگە بە هیچ پروپاگەندە و قۆستنەوەیەک بدەین، سوورین لەسەر ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتوویی بگەیێنینە ئەنجام."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی

میتحەت سانجار: دەبێت پرۆسەکە بگوازرێتەوە زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی

میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، لە پەرلەمانی ئەورووپا بەشداریی لە کۆنفرانسێکدا کرد و رایگەیاند، دەبێت پرۆسەی دیالۆگی نێوان تورکیا و کورد بگوازرێتەوە بۆ زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی و لە پەرلەماندا بەڕێوەبچێت.