رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای کۆنیای تورکیا پیاوێک دوای کوشتنی هاوژینەکەی، خۆیشی کوشت.
رووداوەکە کاژێر 21:30 خولەکی شەوی دووشەممە 10ـی ئاداری 2025 لە گەڕەکی ئاراپڵار سەر بە شارۆچکەی کاراتای روویدا.
"یوسف ئا."ـی تەمەن 37 ساڵ و "حەوا ئا."ـی تەمەن 42 ساڵی هاوژینی، لە پرۆسەی جیابوونەوەدا بوون. شەوی رابردوو "یوسف ئا." بە بیانووی بینینی منداڵەکانی چووەتە ماڵی هاوژینەکەی.
بەپێی زانیارییەکان، لە ماڵەوە دەمەقاڵێ لە نێوان، "یوسف ئا." و "حەوا ئا." روویداوە، لە ئەنجامدا، "یوسف ئا." بە دەمانچە تەقەی لە "حەوا ئا." کردووە و کوشتوویەتی. دواتر بە هەمان دەمانچە خۆیشی کوشتووە.
دوای رووداوەکە، تیمەکانی پزیشکی و پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. تەرمی هەردوو کەسەکە گوێزراوەتەوە بۆ دادپزیشکیی کۆنیا.
بەگوێرەی راپۆرتی وەقفی ئوموت (Umut Vakfı) کە رێکخراوێکی ناحکومییە و کار بۆ قەدەخەکردنی بەکارهێنانی چەک دەکات، لە ساڵی 2024ـدا لە تورکیا و باکووری کوردستان، سێ هەزار و 801 رووداو روویانداوە. لەو رووداوانەدا دوو هەزار و 370 کەس کوژراون و سێ هەزار و 829ـی دیکەش برینداربوون. لە سێ هەزار و 194 رووداودا دەمانچە و لە 607 رووداویشدا چەقۆ بەکارهێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ