رووداو دیجیتاڵ
داهاتی تورکیا لە بەکارهێنانی ئاسمانەکەی لە ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد و گەیشتە نزیکەی 33 ملیار لیرە (زیاتر لە 739 ملیۆن دۆلار).
بەگوێرەی راپۆرتێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەکانی دەوڵەت (DHMİ)ی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، داهاتی وڵاتەکە لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکانی گەشتی ئاسمانی لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 33 ملیار و 55 ملیۆن لیرە (739 ملیۆن و 120 هەزار دۆلار).
ئەم داهاتە بەراورد بە ساڵی 2024 کە 21 ملیار و 586 ملیۆن لیرە بوو (476 ملیۆن و 258 هەزار دۆلار)، 53% زیادیکردووە.
تورکیا، کە ئەندامی رێکخراوی سەلامەتیی گەشتی ئاسمانیی ئەورووپا (EUROCONTROL)یە، لە بەرامبەر بەکارهێنانی ئاسمانەکەی لەلایەن هێڵە ئاسمانییەکانەوە پارە وەردەگرێت.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، تورکیا لە ریزبەندیی (خواست لەسەر ئاسمان) لەنێو 42 وڵاتی ئەندامی رێکخراوەکەدا، لە پلەی دووەم دێت.
هەروەها لە مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی 2025 و کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا، تورکیا لەنێو وڵاتانی ئەورووپادا زۆرترین خزمەتگوزاریی پێشکێشکردووە و رێکۆردی نوێی تۆمارکردووە.
رێژەی گەشەی یەکەکانی خزمەتگوزاری لە تورکیا گەیشتووەتە 9.3%، لە کاتێکدا تێکڕای گەشە لە وڵاتانی ئەندامی EUROCONTROL تەنیا 5.5% بووە.
زیادبوونی خواست لەسەر گەشتە ناوخۆییەکان، بەهێزیی ژێرخان و سەرچاوە مرۆییەکان، لەگەڵ پێگەی جوگرافیی وڵاتەکە وەک پردێک لەنێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا، هۆکاری سەرەکیی ئەم داهاتانەن.
ئاماری سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵی چالاکییەکانی فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بەمشێوەیە بوو:
- کۆی گەشتیاران: 49 ملیۆن و 306 هەزار و 377 کەس.
- کۆی گەشتەکان: 504 هەزار و 417 فڕۆکە.
- کارگۆ: 1 ملیۆن و 146 هەزار و 899 تۆن.
ئەمە لەکاتێکدایە، پار کۆی گشتیی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان گەیشتبووە 230 ملیۆن و 224 هەزار کەس، کە لە رێگەی زیاتر لە دوو ملیۆن و 290 هەزار گەشتی ئاسمانییەوە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ