رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی باڵای سەرۆککۆمار و ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسەتی بەڕێوەبردنی شارەوانییەکانی تورکیا رایگەیاند، ئەگەر سەرۆکی گەورەشارەوانیی مانیسا کوژرابێت، دەبێت ئەنجامدەر بە تووندترین شێوە سزا بدرێت.
فەردی زەیرەک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی مانیسا کە ئەندامی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بوو، بەهۆی ئەوەی یەکەم رۆژی جەژن کارەبا گرتی، دوای سێ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە رۆژی دووشەممە 09-06-2025 گیانی لەدەستدا.
ئەمە دەنگۆی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا و باسی ئەوە دەکرێت کە پێشتر ئەو بەرپرسە هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 10-06-2025 ئۆکتای ساراڵ، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆمار و ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسەتی بەرێوەبردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سەرەخۆشی لە ماڵباتی زەیرەک کرد و نووسی، "زەیرەک پێشتر رایگەیاندبوو کە هەڕەشەی لێکراوە. پێویستە هەرچی زووە پەردە لەسەر ئەم ناڕوونییە هەڵبماڵدرێت. ئەگەر ئەم بابەتە کوشتنی تێدابێت، دەبێت سەختترین سزای بۆ دابنرێت."
کێ و بۆچی هەڕەشە لە زەیرەک کراوە؟
هەموو ئەو دەنگۆیانە لەدوای ئەوە دێن کە رۆژی 03-12-2024 فەردی زەیرەک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لەو کاتەوەی بووەتە سەرۆکی گەورەشارەوانیی مانیسا، رێگەی لە گەندەڵکاران و ئەوانە گرتووە کە بە نایاسایی تەندەرەکان قۆرخ دەکەن.
زیرەک گوتی، پێشگیری لەوانە کردووە کە پێشتر داهاتی دەوڵەتیان تەخشان و پەخشان دەکرد.
فەردی زەیرەک نەیشاردەوە کە بەهۆی بوونی ئەو رێگریانە کەسانێک گوشاریان لەسەر دروستکردووە و گوتی، "بەرامبەر ئەو رێگریانەی کردوومە، جۆرەها تۆمەت و درۆ بۆ من و ماڵباتەکەم هەڵدەبەستن. هەفتەی رابردوو بابەتێکی وەها هەبوو. لەمبارەیەوە قسەم لەگەڵ (ئۆزگور ئۆزەل) سەرۆکی پارتەکەشمان کرد. سەرۆکمان پێی گوتم، کاتێک لەسەر ئەو کورسییە دادەنیشیت، پێویست لەگەڵ ئەمانەش رابێیت. بەڵام با من لێرەوە ئەمە بڵێم؛ نە ئەو تەندەرانەیان پێدەدەم کە دەیانەوێت، نە بە هەڕەشە دەتوانن ئەو پارەیە لە من وەربگرن کە چاویان تێبڕیوە."
چی روویدابوو؟
یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، فەردی زەیرەک لە ماڵەوە بووە و لەوکاتەدا کارەبای ماڵەوەیان کێشەیەکی تێکەوتووە. ئەویش هەوڵی دا چاکی بکات، بەڵام کارەبا لێیداوە.
زەیرەک گەیێندرایە نەخۆشخانە و خرایە ژێر چاودێری. پزیشکان گوتیان کە لەگەڵ رووداوەکە دڵی وەستاوە و دواتر بە هەوڵی ئەوان دووبارە گەڕاوەتەوە.
دوای سێ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئێوارەی دووشەممە 09-06-2025 گیانی لەدەستدا.
فەردی زەیرەک ساڵی 1977 لەدایکبوو، بەشی تەلارسازیی لە زانکۆی ئوڵوداغ تەواو کرد.
لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا کە رۆژی 31-3-2024 بەڕێوەچوو، بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی مانیسا هەڵبژێردرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ