دوو کەس بەهۆی گیانلەدەستدانی سەرۆکشارەوانییەکی جەهەپە دەستگیر کران

11-06-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

داواکاری گشتیی مانیسا دەستی بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی فەردی زەیرەک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی مانیسا کرد و درەنگی شەوی رابردوو دوو کەس دەستگیر کران.
 
فەردی زەیرەک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی مانیسا کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان لە ماڵەکەی خۆیدا کارەبا لێیدا، رۆژی دووشەممە 09-06-2025 لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 
شێوازی گیانلەدەستدانەکە بووەتە جێی گومان و بەشێک لە میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، ئەوە رووداوێک نییە، بەڵکو کوشتنە.
 
شەوی رابردوو بە بڕیاری داواکاری گشتیی مانیسا، ئۆپەراسیۆنێک دەستیپێکرد و دوو کەس بە گومانی ئەوەی دەستیان لە گیانلەدەستدانی تەمومژاویی فەردی زەیرەکدا هەیە، دەستگیر کران.
 
زەیرەک لە مەلەوانگەی ماڵەکەیدا بەهۆی بوونی کێشەی دزەکردنی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا.
 
لە کاتێکدا تیمی هونەریی یەکینە نیشتەجێبوونەکە پێشتر بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە سەردانی ماڵەکەی کردووە. بەگوێرەی راپۆرتی داواکاری گشتی، ئەو تیمە خەمساردییان کردووە و دوو کەسیان دەستگیر کران.
 
ئۆکتای ساراڵ، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سەرەخۆشیی لە ماڵباتی زەیرەک کردو نووسی، "فەردی زەیرەک پێشتر رایگەیاندبوو کە هەڕەشەی لێکراوە. پێویستە هەرچی زووە پەردە لەسەر ئەم ناڕوونییە لابدرێت. ئەگەر ئەم بابەتە کوشتنی تێدا بێت، دەبێت ئەنجامدەر بە سەختترین سزا بگات."
 
فەردی زەیرەک ساڵی 2019 بووە ئەندامی جەهەپە. لە هەڵبژاردنی 2024ی شارەوانییەکانی تورکیادا بە 57.2ی دەنگەکان بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی مانیسا هەڵبژێردرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە