رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی ئاکپارتی و گوتەبێژی ئەو پارتە رایگەیاند، ئەگەر چەکدانانی پەکەکە بێتە دی، سەرۆککۆمار گوتارێکی گشتگیر و قووڵ پێشکێش دەکات. دەشڵێت، پرۆسەی چەکدانانەکە هەسەدە و پژاکیش دەگرێتەوە.
عومەر چەلیک، جێگری سەرۆکی ئاکپارتی و گوتەبێژی ئەو پارتە، شەوی پێنجشەممە 10ـی تەمموزی 2025 لە کاتی بەشداریکردنی لە پەخشی راستەوخۆی بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لەبارەی پرۆسەی چەکدانانی گەریلاکانی پەکەکە قسەی کرد.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی "ئایا پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بە ئاراستەی ئامانجەکان پێش دەکەوێت یان نا" گوتی: "لە خەباتی دەوڵەت دژی تیرۆردا، جگە لە توخمە سەختەکانی هێز، چەندین رێکخستنی یاسایی هەن کە هانی هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی تیرۆر و جیابوونەوە لە رێکخراوی تیرۆر دەدەن".
چەلیک، ئاماژەی بە بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کرد و گوتی: "لە ژیانی سیاسیماندا ماوەیەک گفتوگۆی لەسەر کرا، لە چوارچێوەی ئەو رێنماییانەی کە بەڕێز سەرۆککۆمارمان دای بە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەشێوەیەکی راستەوخۆ بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەکە، ئەمە ئیدی پڕۆژەیەکی دەوڵەتە. واتە سەرۆککۆمارمان وەکو سەرۆکی دەوڵەت ئەم رێنماییەی داوەتە دامەزراوەکانی دەوڵەت و حکومەت".
چەلیک رایگەیاند، پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە هەنگاوێکی گرنگە و چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە لە دەرەوەی خاکی تورکیا، لە دەوروبەری سلێمانی بەڕێوەدەچێت و گوتی: "باس لەوە دەکرێت کە لە سێ پۆلێنی سەرەکیدا چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوە روو دەدات. ئەم سێ پۆلێنە بریتین لە پەکەکەی عێراق، هەسەدە و پەیەدە لە سووریا، پژاک لە ئێران. هەروەها لە چوارچێوەی پێکهاتەی کەجەکەدا، کە لە ئاستی نایاساییدا لە تورکیا، ئەورووپا و شوێنەکانی دیکە رێکخراوە، لە رووی ئایدیۆلۆژی و داراییەوە. پێویستە هەموو ئەم پڕۆسەیە کۆتایی بێت".
چەلیک لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چارەنووسی ئەندامانی رێکخراوەکە، کە چەک دادەنێن، گوتی: "ئەوانەی تاوانیان نەکردووە، ئەوانەشی تاوانیان کردووە، لە یاساکانماندا رێکخستنی زۆر هەن. هێشتا میکانیزمی کارا هەن. تەنانەت لە کاتی شەڕێکدا یان کاتێک هێزەکانی تورکیا شوێنێک گەمارۆ دەدەن، داوای خۆبەدەستەوەدان دەکەن. دواتریش میکانیزمی تایبەت هەن سەبارەت بە خۆبەدەستەوەدانی ئەمانە. ئەوا کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان بە دڵنیاییەوە بۆ ئەمە رێخۆشکەر دەبێت، زەمینە خۆش دەکات، بناخەی بۆ دادەنێت. ئەوە پەیوەندی بە رۆژەڤی کۆمیسیۆنەکەوە هەیە".
چەلیک رایگەیاند، پەرلەمانی تورکیا گەورەترین شوێنی دەرکەوتنی ئیرادەی نەتەوەییە و گوتی: "لە ئەنجامدا ئەو شوێنەی هەموو ئەم پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانەی تێدا بەڕێوەدەبرێت، ئەو بابەتانەی تێدا تاوتوێ دەکرێت، ئەو زەمینەیەی تێدا دروست دەکرێت، لە کۆتاییدا کۆمیسیۆنەکەی لەنێو پەرلەماندا دروست دەکرێت".
عومەر چەلیک ئاماژەی بەوەدا، لەو خاڵەی کە گەیشتووینەتێ، ئەنجامدانی قۆناخی یەکەمی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان دەرفەت بۆ کردنەوەی لاپەڕەی نوێ دەڕەخسێنێت.
رۆژی شەممە ئەردۆغان پەیامێکی دەبێت، کە هێشتا ناوەڕۆکەکەی دیار نییە، چەلیک لەو بارەیەوە گوتی: "ئامادەکارییەکی فراوان بۆ کەمپەکە کراوە. نزیکەی هەموو بابەتەکان، واتە هەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە سیاسەتی ناوخۆ و سیاسەتی دەرەوە هەیە، تاوتوێ دەکرێن. ئەگەر چەک دابنرێت، سەرۆک کۆمارمان بەو قسەیەی کە بە شێوەیەکی نەریتی لە کردنەوەی کەمپەکەدا دەیکات، یەکەم قسەی خۆی سەبارەت بەو خاڵەی کە گەیشتووینەتێ و لەمەودوا دەگات. ئەمە قسەیەکی گشتگیر و قووڵ دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ