رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ڕاپرسییەکی کۆمپانیای توێژینەوەی پانۆراماتر 69٪ـی خەڵک لە تورکیا و باکووری کوردستان پشتگیری لە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەکەن، لەکاتێکدا لە راپرسییەکەی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ رێژەکە 50٪ بووە.
کۆمپانیای توێژینەوەی پانۆراماتر لەسەر بابەتی چەکدانانی پەکەکە لە نێوان 27ـی حوزەیران تاوەکو پێنجی تەمموزی 2025، راپرسییەکی کردووە، کە هەزار و 674 کەس بەشدارییان تێدا کردووە.
لە راپرسییەکەدا 69٪ـی بەشداربووان رایانگەیاندووە، چەکدانانی پەکەکە ئەرێنییە، 45٪ـی بەشداربووان رایانگەیاندووە، پێویستە پێناسەی هاووڵاتیبوون لە دەستووردا فراوانتر بکرێت بۆ ئەوەی کوردیش بگرێتەوە.
جگە لەوە 48٪ ـی بەشداربووان داوای پەروەردە بە زمانی دایک و 50٪ـیان داوای زیادکردنی دەسەڵات بۆ بەڕێوەبەرایەتییە خۆجیییەکان دەکەن.
بەگوێرەی راپرسییەکە، پشتیوانیی دەنگدەرانی پارتە سیاسییەکان بۆ چەکدانانی پەکەکە بەمشێوەیەیە:
پارتی داد و گەشەپێدان- ئاکپارتی: 86٪
پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی- مەهەپە: 80٪
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان- دەم پارتی: 89٪
پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە: 57٪
ئیی پارتی: 28٪
دوای چەند سەردانێکی شاندی دەم پارتی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی، رێبەری پەکەکە لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
لەسەر ئەو داوایەی ئۆجەلان، پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی ئایار 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
ئەمڕۆ هەینی، رێوڕەسمی پرۆسەی چەکدانانی گرووپێکی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمەکەدا 30 گەریلا، کە 15 ژن و پیاو بوون چەکەکانیان دانا و دواتر سووتێندران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ