رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا پرۆسەی چارەسەریی بە پەنجەرەی هیوا وەسفکرد و رایگەیاند، دەیانەوێت خوێنڕشتن و فرمێسک لە وڵاتەکەدا بوەستێنن.
لەدوای سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەی کابینەی وەزیرانی وڵاتەکەی کە ئێوارەی دووشەممە، 11-8-2025 لە کۆشکی کۆماری بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێکیدا پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆسەی چارەسەری دووپات کردەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، هەفتەی رابردوو هەنگاوی "ئەرێنی و گرنگ" لەبارەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان نراون: "لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بە بەشداریی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنیش پێکهێنرا، لەلایەن پەرلەمانەوە لەم پرۆسەیەدا خاوەنداری و پشتگیریی کرا کە ئەمە زۆر بەهادار بوو. ئەمەش پێشهاتێکی دیکەی هیوابەخش بوو کە لیژنەکە لە دوو کۆبوونەوەی یەکەمیدا بە کۆی دەنگ بڕیارەکانی دەرکرد".
ئەردۆغان جارێکی دیکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان پێکهاتە و بیرۆکە جیاوازەکانی وڵاتەکەی نابینێت و گوتی: "تورکیا وڵاتی هاوبەشی هەموومانە. ئەم وڵاتە هی تورک، کورد، عەرەب، عەلەوی، سوننە و هەر تاکێکی 86 ملیۆن کەسەکەیە".
هەروەها بە گرنگی زانی لە بەڕێوەبردنی کاروباری لیژنەکەدا لایەنەکان خۆیان لەو گوتانە بەدوور بگرن کە دەبنە هۆی تێکدانی پرۆسەکە و رایگەیاند، رۆژی هەینی وەزیرانی بەرگری، نێوخۆی تورکیا و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (میت) لە پێشکێشکردنێکدا (پرێزنتەیشن) زانیارییان بە ئەندامانی لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی داوە و وەڵامی پرسیارەکانیانی ئەو ئەندامانەیان داوەتەوە.
ئەردۆغان پشتیوانیی خۆی و حکومەتەکەی بۆ پرۆسەی چارەسەری دووپاتکردەوە و گوتی:"ئێمە هەر لە یەکەمین رۆژەوە هەڵوێستمان لەم بابەتە زۆر روونە. ئەرکی دامەزراوە سیاسییەکانە لە بابەتە نیشتمانییەکاندا هەڵوێستی نیشتمانیی هەبێت".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها هیوای خواست لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی ببێتە مایەی خێر و گوتی:"بۆ ئەوەی بە تەواوی لە تیرۆر رزگارمان بێت، پەنجەرەیەکی هیوا لەبەردەم تورکیا واڵاکراوە. ئۆباڵی لەدەستدانی ئەمە قورس دەبێت. وەکو هاوپەیمانی جمهوور و وەکو حکومەت، هەموو جۆرە پشتیوانییەک بە لیژنەکە دەدەین. دەمانەوێت هەموومان بەیەکەوە خوێن و فرمێسک بوەستێنین و بەرپرسیارییەتیی سەر شانمان بەرامبەر گەلەکەمان بە شێوەیەکی شیاو بەجێبگەیەنین".
پرۆسەی چارەسەری
رۆژی 01-10-2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلیی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
پەکەکە رۆژی 12-5-2025 ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند و ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی خەبات بەناوی پەکەکە کرد و راشیگەیاند: "گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات" و "لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن."
رۆژی 11-7-2025 لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانیدا، 30 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە شێوەیەکی سیمبولی چەکەکانیان سووتاند و گەڕانەوە بنکەکانیان.
لیژنەیەک بەناوی 'پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی' لە پەرلەمانی تورکیا بۆ راپەڕاندنی کاروباری تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری و پێشکێشکردنی پێشنیازە یاسا کارا کراوە.
لیژنەکە لە 51 ئەندام پێکهاتووە و یەکەمین کۆبوونەوەی کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 5-8-2025 سازکرد. هەروەها هەینیی رابردووش بۆ دووەمین جار کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ