رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئیستەنبووڵی تورکیا، ئۆپەراسیۆنێک کرایە سەر جان هۆڵدینگ و دەست بەسەر کەناڵەکانی شۆ تیڤی و خەبەرتورکدا گیرا. قەییوم لەسەر 121 کۆمپانیای سەر هۆڵدینگەکە دانرا.
بەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە 11ـی ئەیلوولی 2025 لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کوچوکچەکمەجە لە ئیستەنبووڵ، بە تۆمەتی "دامەزراندنی رێکخراوی تاوانکاری، قاچاخچێتی، ساختەکاری" و "سپی کردنەوەی پارە" دەست بەسەر جان هۆڵدینگدا گیرا.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کوچوکچەکمەجە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 10 کەس دەرکرد، لەوانە محەممەد شاکر جان، کەمال جان و کەنعان تەکداغ بەڕێوەبەرانی جان هۆڵدینگ. هاوکات دەست بەسەر 121 کۆمپانیای هۆڵدینگەکەدا گیرا، کە کەناڵی تەلەڤیزیۆنی خەبەرتورک و شۆ تیڤییان تێدایە.
تورگای جینەری کارساز، پار هەموو پشکەکانی خۆی لە جینەر یایین هۆڵدینگ کە خەبەرتورک، شۆ تیڤی و بلومبێرگ ئێچ تی لەخۆدەگرت، بە جان هۆڵدینگ فرۆشتبوو.
هەر یەک لە زانکۆی بیلگی، کۆلێژەکانی دۆغا، وێستگەکانی بەنزینی ئێنێرجی، ئاوۆخ، نەخۆشخانەی مەدیزا و هۆتێلەکانی گۆڵدن هیڵ سەر بەم هۆڵدینگەن.
چاوەڕوان دەکرێت لە کاژێرەکانی داهاتوودا زانیاریی نوێ لەبارەی وردەکارییەکانی لێکۆڵینەوەکە بۆ رای گشتی بڵاوبکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ