یاریدەدەری ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: دەبێت هەمووان ئاگاداری گوتەکانیان بن

11-10-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری داوا لە لایەنەکان دەکات ئاگاداری گوتەکانیان بن و رێگە بە گێرەشێوێنی نەدەن.
 
لە کۆبوونەوەیەکی ئاکپارتیدا کە ئەمڕۆ شەممە 11-10-2025 بە ئامادەبوونی کورشاد زۆڕڵو، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی لە پارێزگای کۆجائەلیی تورکیا، هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی چارەسەری کرا.
 
زۆڕڵو گوتارێکی پێشکێشکرد و لەبارەی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی گوتی: "پەرلەمانی تورکیا، خاڵێکی بەیەکگەیشتنە، نوێنەرایەتیی دەنگی هاوبەش و ویژدانی گەلەکەمان دەکات. ئێمە هەوڵدەدەین لە بابەتی گەیشتن بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر بە گیانێکی پێکەوەیی و پشتیوانی هەنگاو بنێین. هەروەها هەوڵدەدەین ئارام و وریا بین. ئەگەر هەموومان بەیەکەوە بەرەو ئەم ئامانجە بڕۆین و راستگۆ بین، هەمووان دەبێت زۆر ئاگاداری گوتەکانیان بن. هەرگیز نابێت رێگە بە گێرەشێوێنی بدرێت".
 
زۆڕڵو هەروەها گوتی: "پەنا بەخوا ئێمە وەکو ئاکپارتی بەو ویستەی سەرۆککۆمارمان خستوویەتییەڕوو، بێ ئەوەی رێگە بە هیچ شتێکی وەها بدەین کە ویژدانی گەلەکەمان بریندار بکات، لەپێناو ئەو ئامانجەی ئارامی و یەکێتیی 86 ملیۆن دانیشتووانمان دەکاتە بنەما، هەنگاو دەنێین".
 
چی روویدابوو؟
 
رۆژی 7-10-2025 بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا گوترایەوە.
 
ژنانی تەڤگەری ئازاد کە لە ئامەدەوە بە رێپێوان گەیشتنە ئەنقەرە، بەشدارییان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا کرد.
 
لەوکاتەی گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی گوتاری پێشکێش دەکرد، ژنانی تەڤگەری ئازاد دروشمی جۆراوجۆریان گوتەوە و یەکێک لەو دروشمانەش 'بژی سەرۆک ئاپۆ' بوو.
 
ئەمە کاردانەوەی زۆری بەدواداهاتووە و بووەتە رۆژەڤی تورکیا.
 
هەڵوێستی ئاکپارتی لەمبارەیەوە
 
رۆژی 9-10-2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە گوتنەوەی دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی رایگەیاند، هیچ پارتێکی سیاسی نابێت ئەجێندای تایبەتی خۆی بە ئەجێندای پرۆسەی چارەسەری بزانێت.
 
عومەر چەلیک هەروەها بە پێویستی زانی بیر لەوە بکرێتەوە کە ئایا ئەو هەنگاوەی دەم پارتی رۆڵی لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەکەدا هەبووە؟ یان دەرگای لەسەر گفتوگۆی دیکە واڵاکردووە؟ 
گوتیشی: "هەر بۆیە پێویستە هەمووان بەوپەڕی بەرپرسیارییەتەوە هەڵسوکەوت بکەن. نابێت ئەو هەنگاوانە بنێن کە سەرنجمان لەسەر پرۆسەکە لادەدەن و کاردانەوەی حەقانیی خەڵک بەدوای خۆیانەوە دەهێنن".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە